کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فیلمی \"وەرزی كەرگەدەن\" لە فێستیڤاڵێكی نێودەوڵەتی لە ئەمریكا نمایش دەكرێت

19:42 - 5 رێبەندان 2712

كوردستان میدیا: فیلمی سینەمایی وەرزی كەرگەدەن لەدەرهێنانی بەهمەن قوبادی سینەماكاری كورد، لە فێستیڤاڵی فیلمە ئێرانییەكانی بۆستۆن لە سێ شاری وڵاتی ئەمریكا نمایش دەكرێت.


فیلمی وەرزی كەرگەدەن رێكەوتی٦ و ٧‌ی رێبەندان لە شاری هیۆستۆن لە وڵاتی ئەمەریكا دەچێتە سەر پەردەی سینەماكان.
ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر بڵاوی كردەوە، ئەم فیلمە لە درێژەی بەشداری لە فێستیڤاڵی فیلمە ئێرانییەكانی بۆستۆندا لە رێكەوتی ١٣ هەتا ١٥‌ی رێبەندانیش لە شاری واشینگتۆن دی سی لە وڵاتی ئەمەریكا نمایش دەكرێت.
وەرزی كەرگەدەن دوایین بەرهەمی بەهمەن قوبادییە و ئەو فیلمە هەتا ئێستا توانیویەتی خەڵاتی باشترین وێنەگری بەشی سەرەكی ٦٠ـەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سێباستییانی ئیسپانیا و خەڵاتی باشترین وێنەگری شەشەمین خولی رێوڕەسمی خەڵاتی ئیسكرین ئاسیا پەسیفیك (APSA) ناسراو بە ئوسكاری ئاسیایی لە وڵاتی ئوستراڵیا و هەروەها خەڵاتی بۆقی برونزی باشترین وێنەگری ٢٠ـەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی پلووس كامێرائیمەیجی PLUS CAMERIMAGE مەجارستان بەدەست بێنێت.
كۆمپانیای وایلد بانچ كە مافی بڵاوكردنەوەی فیلمی سینەمایی وەرزی كەرگەدەنی لە ئاستی جیهاندا لە ئەستۆیە، ماوەیەک لەمەوبەر ئەم فیلمەی لە ٨٦ سینەمای شارە جۆراوجۆرەكانی وڵاتی توركیە نمایش كرد.