کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فێدراسیۆنی فوتباڵی ئێران ئەگەری هەڵپەساردنی لەسەرە

13:12 - 13 جۆزەردان 2720

چەندین سەرچاوەی ئاگادار باس لەوە دەکەن کە فێدراسیۆنی فوتباڵی ئێران لەلایەن فێدراسیۆنی جیهانیی فوتباڵەوە هەڵپەسێردراوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوو هەواڵی فەرمیی هەڵپەساردنی فوتباڵی ئێران لەلایەن "فیفاو"ە ڕادەگەیەندرێت.

ڕێکەوتی ١١ی جۆزەردان، هەواڵدەریی ''مێهر'' و ڕۆژنامەی ''ئێرانی وەرزشی'' بە بڵاوکردنەوەی بەشێک لە نامەی فێدراسیۆنی جیهانیی فوتباڵ، ئیدعای ئەوەیان کردووە کە ئەو گۆڕانکارییەی کە لە ئەساسنامەی فێدراسیۆنی فوتبالی ئێران ئەنجام دراوە، بەرپرسانی "فیفا"ی ناڕازی کردووە.

بەڕێوەبەرانی فیفا لە وڵامێکی هەڕشەئامێزانەدا بە ئێرانیان وتبوو کە ئەگەر جیاوزاییە بنەڕەتییەکانی ئەساسنامەی فێدراسیۆنی فوتباڵی ئێران لەگەڵ ئەساسنامەی فێدراسیۆنی جیهانیی فوتباڵ چارەسەر نەکرێت، بڕیارێکی جیددی لەهەمبەر ئەم دامەزراوەی ئێران دەگرێتە بەر.

فیفا لەم نامەیەدا ئاماژەی بە زیاترلە ٨٠ حاڵەتی پێشێلکردنی جیددی لە ئەساسنامەی فێدراسیۆنی جیهانیی فوتباڵ کردووە کە دەبێ فێدارسیۆنەکانی میللی لە وڵاتانی دیکە لەبەرچاوی بگرن.

گرینگترین ڕەخنەی فێدراسیۆنی جیهانیی فوتباڵ لە فێدراسیۆنی فوتباڵی ئێران ئەوەیە کە سەربەخۆیی خۆی لە بەرامبەر دەسەڵاتی ئەم وڵاتە لەدەست داوە.

ڕوانگەی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە وەرزش زیادتر ڕوانگەیەکی سیاسی و ئیدئۆلۆژیک بەخۆیەوە دەگرێت و هەر ئەمە وای کردووە وەرزش لە ئێران خەسارێکی زۆری لێ بکەوێت.