کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەنووسان، ڕێژیمی ئێرانی مەحکووم کرد

11:10 - 28 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەنووسان داوای لە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کرد کە سەرکوتی خۆپیشاندەران کۆتایی پێ بێنێت و هێڵی ئینتێنرنێتیش نەپچڕێنێت.

"ئانتۆنی بلانگێر"، سەرۆکی گشتیی فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەنووسان داوای لە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کردووە کە دەست لە گەمارۆی هێڵی ئینتێرنێت هەڵبگرێت و کۆتاییش به سەرکوتی خۆپیشاندەران بێنێت.

فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەنووسان بڵاوی کردووەتەوە، پچڕاندنی هێڵی ئینتێرنێت لە ئێستادا بووەتە کەرەستەیەک بۆ دەوڵەتەکان هەتا ڕاپۆرتی میدیاکان بێدەنگ بکەن.

ئەو فێدراسیۆنە بڵاوی کردووەتەوە، پچڕاندنی هێڵی ئینتێرنێت لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، هەوڵێکه بۆ لەنێوبردنی هێڵەکانی پێوەندی و بێدەنگکردنی میدیاکان لە دۆخی ئێستای ئێراندا.

لە دوای خۆپیشاندانەکانی ئێران، شۆرای بەناو ئەمنییەتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕێکەوتی ٢٤ی خەزەڵوەر، سەرجەم هێڵەکانی پێوەندیی پچڕاند.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی پێشگرتن لە بڵاوبوونەوی هەواڵ و زانیاری لە خۆپیشانداکان، هێڵی ئینتێرنێتی پچڕاندووە.

ماوەی چەند ڕۆژه خۆپیشاندانەکان لە ئاستی ئێران و کوردستان دژی ڕێژیم درێژەی هەیە و چەندین هاووڵاتی شەهید و بریندار بوونە.