کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فێرگەی زمانی کوردیی ئەدەب لە شاری بۆکان ڕێوڕەسمێکی بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان بەڕێوە برد

12:15 - 4 رێبەندان 2720

فێرگەی زمانی کوردیی ئەدەب لە شاری بۆکان بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان ڕێوڕەسمێکی بەڕێوە برد و بڕوانامەی بە دەرچووانی ئەو خولانە بەخشی.

لەسەر بانگهێشتی کۆڕی فێرکاری و فەرهەنگی و فێرگەی زمانی کوردیی ئەدەب لە شاری بۆکان ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، ڕێکەوتی ۲ی ڕێبەندان، لە شوێنی ئەو ناوەندە لە پاساژی "شارەداری" بەڕێوە چوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا سەید "یاسین قوڕەیشی" پێشکەشکاری بەرنامە، دوای کورتەباسێک لەبارەی ۲ی ڕێبەندان و فێرکاریی زمانی کوردی، ڕیزی بەرنامەکەی ڕاگەیاند.

سەرەتای بەرنامە بە خوێندنەوەی چەند ئایەت لە قورئانی پیرۆز لەلایەن "خالیدی عەسکەریـ"ـەوە دەستی پێکردبوو.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا دوکتور "مستەفا ئیلخانیزادە" وتارێکی تێروتەسەلی سەبارەت بە ۲ی ڕێبەندان و گرینگیدان بە یادی کۆماری کوردستان پێشکەش کرد و ڕەخنەی لە گوێستنەوەی ئاوی بەنداوەکان و چۆمەکانی شارە کوردنشینەکانی پارێزگای ورمێ، وەک ئاوی بەنداوی "سێڵوێ" بۆ "گۆلی ورمێ" و "تەورێز" و وە بن ئاو کەوتنی چەن دێی ناوچەی پیرانشار و هەروەها ئاوی بەنداوی بۆکان بۆ شارەکانی بناو و مەلەکان و تەورێز کرد.

هەروەها باسی لە بە تاڵانبردنی کانزاکانی بەردی "مەڕمەڕ و ئاسن و ئالۆمینیۆمـ"ـی بۆکان و "زێڕی زەڕەشۆرانی تیکاب" بۆ شارەکانی دیکەی کرد و ڕەخنەی لە "قەسیم عوسمانی" نوێنەری پێشووی ڕێژیم لە بۆکان و "دوکتور خوسرەوی" فەرمانداری پێشوو و ئەندامانی شۆرای شاری بۆکان و شارەدار و نوێنەری ئێستای ڕێژیم لەو شارە "ئەنوەر حەبیبزادە" و نوێنەری پیرانشار گرت بۆ پشتیوانیکردن وهاوکارییان لەو کردەوانەدا.

ناوبراو هەروەها ئیدانەی بێڕێزیی پێشکەشکارەکەی دەنگوڕەنگی ڕێژیم بە جلوبەرگی کوردی کردووە.

هەروەها ناوبراو لەبارەی چالاکییەکانی ناوەندی "ئەدەب" بۆ فێرکاریی زمانی کوردی دوا و خەڵکی بانگێشت کرد بۆ بەشداریکردن لە خولەکانی فێرکاریی ئەو ناوەندە.

پاشان مامۆستا "حوسێن شێربەگی"، "خالید عەسکەری"، "ئەیووب ئەحمەدی"، "سەیزادە قاقان قادری" و "یای ئامینە چاک" و "یای نوسرەت سەوارە" شێعر و وتاریان پێشکەش کردووە.

ئەوجار مامۆستایانی خولەکانی فێرکاریی زمانی کوردی "ئومێد شادازوەن"، "کۆمار مەجیدی" و "سەلاح ساڵحی"، وێڕای پێشکەشکردنی وتار، ڕاپۆرتی خولە فێرکارییەکانی زمانی کوردییان پێشکەش کرد.

"عەلی فرووتەن" و "ڕەحیم مام‌ محەممەدی" بە ئاواز و "خالید عینایەتی" بە ژەنینی شمشاڵ کۆڕەکەیان ڕازاندووەتەوە.

مەڕاسیمەکە بە بەخشینی بڕوانامە بە فێرخوازانی خولەکانی فێرکاریی زمانی کوردی کۆتایی هات.