کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فێستیڤاڵی سەرشەقامی "ناڵەشکێنە" لە شاری بۆکان بەڕێوە دەچێت

11:41 - 5 پووشپەڕ 2722

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٤ی پووشپەڕی ١٤٠١ لە پارکی دەروازەی قەبران لە شاری بۆکان، فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی "ناڵەشکێنە" دەستی پێ کرد. ئەو فێستیڤاڵە بە بەشداریی دوازدە گرووپ لە شارەکانی پارێزگای ورمێ بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەڕێوە دەچێت.

سەرەڕای دانانی بەربەستی زۆر لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە، شانۆکارانی کورد هەوڵیان دا شانۆکانیان بە زمانی کوردی پێشکەش بکەن.

بەشی بەناو فەرهەنگیی ڕێژیم لەو فێستیڤاڵەدا ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان داوە کە شانۆی کوردی بەلاڕێدا ببەن و لە کەسانی ئەمنییەتی و نیزامی بۆ پێداهەڵوتن بە ڕێژیم لە فێستیڤاڵەکەدا کەڵک وەربگرن یان بە زەبری پارە هەندێک هونەرمەند بێنن و فێستیڤاڵەکە بە زمانی فارسی بکەنەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.

هەروەها بەرپرسانی ڕێژیم لەو فێستیڤاڵەدا هەوڵیان داوە کە لە چینی لاوی کۆمەڵگە و بەتایبەت قوتابییان بۆ مەبەستە دیاریکراوەکانی خۆیان کەڵک وەربگرن، هەروەها هەوڵی ئەوەیان دا کە بە بەشداریپێکردنی هونەرمەند "عوسمانەسوور" و پێدانی دوکتورای ئیفتخاری بە ناوبراو، سەرنجی خەڵک بۆ لای خۆیان ڕابکێشن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و نەیانتوانی فێستیڤاڵەکە بە قازانجی خۆیان تەواو بکەن.