کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فێستیڤاڵی گێلاس لە شنۆ لەلایەن ئەنجومەنە مەدەنییەکانی ئەوە شارە بایکۆت کرا

17:17 - 2 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ٢ی پووشپەڕ فێستیڤاڵی گێلاس لە شنۆ بەڕێوە چوو، بەڵام ئەم فیستیڤاڵە لەلایەن ئەنجومەنە مەدەنییەکانی ئەو شارە بایکۆت کراوە.

بەپێی زانیارییەکانی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" ماوەی زیاتر لە دوو مانگە ئەنجومەنە مەدەنییەکانی ئەو شارە پێکەوە کۆبوونەوەیان گرتبوو کە فێستیڤاڵی گێلاس ئەمساڵ چۆن بەڕێوە بچێت و چ کەسانێک هەیئەتی بەڕێوەبەر بن.

 دوای ئەو کۆبوونەوەی ئەنجومەنە مەدەنییەکانی شنۆ و ڕێککەوتن لەسەر چۆنییەتی بەڕێوە بردنی فێستیڤاڵەکە بە دەستێوەردانی بنکە و ناوەندە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لەو شارە بڕیارەکانی ئەنجومە مەدەنییەکان هەڵدەوشێتەوە.

بەپێی زانیارییەکان کاربەدەستانی سپای تێرۆریستی پاسداران داوا لە ئەنجومەنە مەدەنییەکان دەکەن کە خۆ لە بەڕێوەبەریی ئەو فێستیڤاڵە بپارێزن و خۆیان کارەکانی ئەنجام دەدەن.

لەسەر ئەو بڕیارەی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران ئەنجومەنە مەدەنییەکان بڕیار دەدەن کە لەو فێستیڤاڵەدا بەشداری نەکەن.

تەنانەت سپای تێرۆریستی پاسداران بێژەریی"حوسێن خەلیفە" لەو فێستیڤاڵەی ڕەت کردبووە.

بەپێی زانیارییەکان تەنیا بەرپرسانی ئەنجومەنی "زانست و ئەدەب" بە سەرپەرەستیی "کەریم تیشی و زوبێر پەیغامی" بەشدار دەبن.

ئەنجومەنی "میراتی فەرهەنگی و پیشە دەستییەکان" بە سەرپەرەستیی "شۆڕش نەسیری و سامڕەند خزری" بەشدار بوونە.

لە کاناڵە هەواڵنیرییەکانیش "ڕووداو شنۆ، ڕۆژ نیوز" بەشدار بوونە و باقی کاناڵە هەواڵنێرییەکانی دیکە بەشدار نەبوونە.

گرووپە شاخەوانییەکانی ئەو شارە وەک: ''پێشڕەو، چیا، هەڵگورد، سپی ڕێز، ڕەندۆڵە، بۆزی سینا، یانەی شاخەوانیی شنۆ و باران" بەشدار نەبوونە.

گرووپە ژینگەپارێزییەکانی وەک:"کێلەشینی سەوزی زاگرۆس" بەشدار نەبوونە.

ئەنجومەنە مەدەنییەکانی وەک: ''بیری زێڕین، ئەنجومەنی ئەدەبیی پرشنگی گەلاوێژ" و هتد بەشدار نەبوونە.

مامۆستایانی ئایینی لەو شارە بەشداری ئەو فێستیڤاڵە نەبوونە و بایکۆتی ئەو فێستیڤاڵەیان کردووە.

بەشێک لە هونەرمەندەکانیش بەشدارییان لەو فێستیڤاڵەدا نەکردووە.

"شەفێع بەهرامییان" بەرپرسی ژووری فکریی "عەلی زەنجانی" بەناو نوێنەری پێشووی خەڵکی نەغەدە و شنۆ خۆی ڕایگەیاندووە بڕیار بووە ٣٠٠ خەڵات لەو فێستیڤاڵەدا بدرێت بە کەسانی دیاریکراو؛ بەڵام بەهۆی ئەوەیکە خەڵک بەشدار نەبووە ناچار خەڵاتەکانیان داوەتە بە خودی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران کە لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدار بوونە.

ئەمساڵ بۆ جەمی خواردنی فراوین پارە لە میوانان وەرگیراوە و هەر بەستە خۆراک ٥٠ هەتا ٦٠ هەزار تمەن به میوانان فرۆشراوە.

ئەو فێستیڤاڵە لە تالاری "دەریا"ی شنۆ بەڕێوە چووە.

خەڵكی شاری شنۆ لەو فێستڤاڵەدا بەشدار نەبوونە و بایکۆتێکی گەورە خراوەتە سەر ئەو فێستیڤاڵە.