کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"فەتحی میرزائیان" دەرهێنەری سینەما، پەیامی هاوخەمیی بۆ حیزبی دێموکرات نارد

12:56 - 23 خاکەلێوه 2721

"فەتحی میرزائیان" دەرهێنەری فیلمی " شەقامی دوکتور قاسملوو" سەبارەت بە کۆچی دوایی کاک "لوقمان مێهفەر" پەیامی هاوخەمیی بۆ حیزبی دێموکرات نارد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

''شەهید لوقمان مێهفەر"

لەشکرێکی هزر بار و چەک لەشان بوو

قەتارێکی پڕ لە خەمی نیشتمان بوو

لە دەفتەری تاڵییەکانی وانەی شۆڕش

قەڵەمێکی شەکەرڕێژی دێڕەکان بوو

بنەماڵەی سەربەرزی مێهفەر!

هاوڕێیانی داخداری مامۆستا لوقمان مێهفەر لە حیزبی دێموکرات و ئەندامانی ناوەندی سیاسی!

بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئەمڕۆ ئاگادار بوومەوە  کە هاوڕێیەکی دێرین و بیرمەندێکی بە توانا و دڵسۆزێکی نیشتمانپەروەر "کاک لوقمان مێهفەر" ئەندامی هەیئەتی ئیجرائی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش ماوەیەک بەربەرەکانێ لەگەڵ پەتای نگریسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی هەولێر کۆچی دوایی کرد و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری بوو.

وێڕای خوێندنەوەی نووسراوە و بابەتەکانی، لە نزیکیشەوە چەند جارێک بە خزمەتی گەیشتبووم و بەختەوەر بووم لە کەلامی شەکەربار و پڕبار و هیوابەخشی و ئەگەر بە کورتی دڵۆپێک لە بەهرە و تواناکانی باس بکەم دەڵێم، کاک لوقمان مافناسێکی پسپۆڕ و قەڵەمێکی بە توانا و دڵسۆزێکی خۆنەویست و مرۆڤێکی ژیر و لەسەرەخۆ بوو. بێگومان کۆچی دوایی کاک لوقمان خەسارێکی گەورەیە نەک هەر لە حیزبی دیمۆکرات، بەڵکوو برینێکی قووڵە لەسەر جەستەی نیشتمان.

بەم بۆنەیەوە سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی سەربەرزی مێهفەر و هاوڕێیانی و خزمان و دۆستان و سەرجەم جەماوەری دڵسۆزی نیشتمان دەکەم.

لە کۆتاییدا لە بارەگای خالقی نیشتمان نزاگۆم کە ڕۆحی ئازیزی تازە کۆچکردوومان بە بەهەشتی ڕزگاری شاد بکات و سەبر و دڵئارامی بگەڕێنێتەوە بۆ هەموو لایەنێکی پەژارە گرتوو.

براتان

فەتحی میرزائیان (شارۆ)

بریتانیا

١٠ی ئاوریلی٢٠٢١ زایینی