کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرانسه هۆشداری بە ئێران دەدات

12:52 - 18 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: دەوڵەتی فەرانسە هۆشداری داوەتە ڕێژیمی ئێران کە هەرجۆرە کردەوەیەکی دژ بە رێککەوتننامەی بەرجام لە لایەن ئەم ڕێژیمەوە ئەنجام بدرێت، سزاکانی فەرانسەی بەدواوە دەبێت.

دوابەدوای ڕاگەیاندنی  فەرمیی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژی سێشەممە، ١٧ی بانەمەڕدا، سەبارەت بە بڕیاری ڕێژیمی ئێران بۆ کەمکردنەوەی بەڵێنییەکانی لە بەرجامدا، که بە وتەی بەرپرسانی ڕێژیم دژکردەوەیەک بە پێشێلکردنی بەڵێنییەکانی ئامریکا و هاتنەدرەوەی یەک لایەنەی ئەم وڵاته لەم ڕێککەوتننامەیەیە، بەرپرسانی دەوڵەتی فەرانسه، باسیان لەوە کردووە کە نامانەوێت ڕێژیمی ئێران بڕیارێک بدات که پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی ناوکیی بەدواوە بێت.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، لە زاری سەرچاوەیەک لە کۆشکی ئێلیزەوە، ڕایگەیاندووە کە فەرانسه ناچار دەبێت بۆ بەڕێوەچوونی ماددەکانی ئەم ڕێککەوتننامەیە، سەرلەنوێ  گەمارۆکان بگرێتە بەر.

هەواڵدەریی حکوومەتیی ئیرنا، بەپێی بەیاننامەی فەرمیی شۆرای باڵای ئەمنییەتی ڕێژیم، نووسیویەتی: "ئێران ئەمڕۆ ١٨ی بانەمەڕ، هەندێک لە کردەوەکانی خۆی لە بەرجامدا ڕادەگرێت."

لە بەیاننامەکەی شۆرای ئەمنییەتیی ڕێژیمدا هاتووە کە: "کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕاستای پێداگری لە ئەمنییەت و بەرژەوەندیی میللیی خەڵکی ئێراندا و بە مەبەستی بەڕێوەبردنی مافەکانی خۆی لە بەندەکانی ٢٦ و ٣٦ی بەرجامدا، ئەمڕۆ ١٨ی بانەمەڕی ٩٨، هەندێک لە چالاکییەکانی خۆی لە بەرجامدا ڕادەگرێت."

ساڵی ڕابردوو، دانڵد ترامپ، بە شێوەی یەک لایەنە لە ڕێککەوتننامەی بەرجام هاتە دەرەوە، دواتر،شۆرای ئەمنیەتی میللیی ڕێژیمی ئێران ئەم کارەی ترامپی بە "نایاسایی" و "پیشێلکردنی پەسەندکراوەکانی شۆرای ئەمنیەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان" ناو برد.