"ئانە کلێر لگندرێ" وتەبێژی وەزارەتی دەروەی فەرانسە سەبارەت بە ڕاپۆرتی پێشووی ئاژانسی ناوکیی ڕێژیمی ئێران بە توندی نیگەرانی دەربڕیوە و داوای لە شورای بڕیاردانی ئاژانسی نێونەتەوەیی کردووە کە پەیامێکی توند لەو پەیوەندییەدا بۆ ڕێژیمی ئێران بنێرێت.
هەروەها ئەو شورایە بڕیارە حەوتووی داهاتوو بۆ ئەو مەبەستە دانیشتنێک پێک بهێنێ.
"لگندرێ" وتوویەتی: "ڕێژیمی ئێران دەبێ بەب ێ کات کوشتن بەڵێنی و ئەرکەکانی سەبارەت بە ئاژانسی نێونەتەوەیی جێبەجێ بکات، هەروەها هاوکاری لەگەڵ ئاژانس دەست پێبکاتەوە و لە چوارچێوەی بەرجامدا بە بەڵێنییەکانی وەفادار بێت".
"سەعید خەتیب زادە" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە دژکردەوە بەو قسانەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە وتوویەتی: "ئێران وەکوو ئەندامێکی بەرپرسی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، بەردەوام جەختی کردووەتەوە کە ئابڕووی ئاژانس وەکوو ناوەندێکی تێکنۆلۆژی و شارەزای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێ لە هەرشێوە هەڵسوکەوت و کردەوەیەکی سیاسیی بەدوور بێت".
ئاژانسی نێونەتەوەیی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاندبوو کە پاشەکەوتکردنی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی ڕێژیمی ئێران بەرز بووەتەوە و "تاران" بەو کارەی بەڵێنییەکانی لە چوارچێوەی بەرجامدا پێشێل کردووە.