کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرانسە ناردنی ماهوارە بۆ بۆشایی ئاسمانی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە مەحکووم کرد

16:43 - 22 رێبەندان 2719

وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە، ناردنی ماهوارە لەلایەن ئێرانەوە بۆ بۆشایی ئاسمانی مەحکووم کرد و وتی کە ئەو هەوڵە دژی بەڵێنییە نێونەتەوەییەکانی ئێرانە.

ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی ڕێبەندان، وەزراەتی دەرەوەی فەرانسە لە بەیانییەیەکدا، ناردنی ماهوارە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ بۆشایی ئاسمانی مەحکووم کرد و ئەو کردەوەیەی، دژ بە بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وەسف کرد.

لە بەیانییەی وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە، بە ئاماژەدان بە ناردنی ماهوارەی "زەفەر"  بۆ بۆشایی ئاسمان و هەروەها پەردەلادان لە مووشەکی بالستیکیی نوێی ئێران، باس لەوە کراوە: "ئێران، بەپێی بەشێک لە بەڵێنییەکانی لە بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ناتوانێت چالاکیگەلێک وەک، هاویشتنی مووشەک، پێوەندیدار بە مووشەکگەلی بالستیکی کە خاوەنی توانایی هەڵگرتنی چەکی ناوکین، ئەنجام بدات".

هەروەها لەو بەیانییەیەدا هاتووە "پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکە بالستیکییەکانی ئێران، سەقامگیریی ناوچەکەی لاواز کردووە و کاریگەریی لەسەر ئەمنییەتی ئورووپا دادەنێت".

فەرانسە داوای لە ڕێژیمی ئێران کردووە کە بەتەواوەتی پابەندی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان لەو بوارەدا بێت.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٠ی ڕێبەندان، ڕێژیمی ئێران بۆ سێهەمین جار لە ناردنی ماهوارە بۆ بۆشاییەکانی ئاسمان شکستی هێنا.

بەرپرسێکی کاربەدەستی وەزارەتی بەرگریی ڕێژیمی ئێران لەو بارەوە وتوویەتی "ماهوارەی زەفەر بەو شێوەیە کە بەرنامەی بۆ داڕێژرابوو نەگەیشتە زۆنی زەوی".