کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرانسە: چالاکییە ناوکییەکانی ئێران بە شێوەیەکی بێوێنە مەترسیدار بووە و دەبێ بە زووترین کات ڕابگیرێت

11:17 - 1 خەزەڵوەر 2721

هاوکات لەگەڵ دانیشتنی دیپلۆماتەکانی سێ وڵاتی بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان ناسراو بە E3 وێڕای نوێنەری تایبەتی ئامریکا لە کاروباری ئێران بۆ وتووێژ لەسەر بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران کە چەندین مانگە ڕاوەستاوە، وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە لە بەیاننامەیەکدا داوای لە ئێران کردووە کە چالاکییە ناوکییەکانی خۆی کە پێشتر وێنەی نەبووە، بە زووترین کات ڕابگرێت.

لەو بەیاننامەیەی وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە کە ڕۆژی هەینی ٣٠ی ڕەزبەر بڵاو بووەتەوە، هاتووە: ''هاوکات لەگەڵ هەوڵە دیپلۆماتیکەکان بۆ دەستپێکردنەوەی وتووێژەکانی ڤییەن، کۆتاییهێنان بە پێشێلکردنی بێوێنەی ڕێککەوتنی ناوکی لەلایەن ئێرانەوە کارێکی پێوست و گرینگە و تاران دەبێ بە خێرایی هەموو هاوکارییەکانی خۆی لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی دست پێ بکاتەوە''.

وەزارەتی دەرەوی فەرانسە هەوڵەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێرانی بە قۆناغێکی دژوار ناو لێ بردووە.

هەتا ئێستا شەش خول لە وتووێژەکانی بەرجام بەڕێوە چووە، بەڵام دوای هاتنە سەر کاری "ئیبراهیم ڕەئیسی"، وتوویژەکان ڕاوەستاون.

لەو پەیوەندییەدا چەند ڕۆژ لەمەوبەر نوێنەری ئیسرائیل لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێژیمی ئێرانی بەوە تاوانبار کرد کە لە ڕەوتی وتووێژەکانی بەرجام لە ڤییەن، بە کوشتنی کات بە مەبەستی دەستپێڕاگەیشتن بە "چەکی ناوکی" کەڵکاژۆ وەردەگرێت.

بە وتەی کارناسان لە ئێستادا ئەگەر ئێران بیهەوێت چەکی ناوکی دروست بکات، چەند مانگی کات ماوە دەستی بە توانیاییەکانی دروستکردنی چەکی ناوکی ڕابگات، بەو حاڵە ئەگەر بەرەوپێشچوونی بەرنامەی ناوکی بگاتە ئاستێک، ئیتر زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوکی سوودێکی نابێت.