کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرانسە: کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لەبابەت بەرنامەی ناوکیی ئێران بەبڕشتانە هەنگاو هەڵ بگرێت

16:45 - 6 رەزبەر 2721

''ژان ئیۆ لۆدریان'' وەزیری دەرەوەی فەرانسە، بە ئاماژەدان بەوەیکە بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار، جەختی کردەوە کە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لەبابەت بەرنامەی ناوکیی ئێران بەبڕشتانە هەنگاو هەڵ بگرێت.

وەزیری دەرەوەی فەرانسە، ڕۆژی دووشەممە ٥ی ڕەزبەر، لە قسەکانی خۆیدا لە کۆڕی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان وتی: "درێژەی وتوویژەکان لەبارەی بەرجام پێویستە بەخێرایی ئەنجام بدرێت".

ناوبراو وتی کە ڕێژیمی ئێران نابێ ئاوا بیر بکاتەوە کە تێپەڕینی کات بە قازانجیەتی، چونکە هەرچی بەرنامەی ناوکیی ئەو ڕێژیمە مەترسیدارتر بێت، مەترسیی هاتنەئارای قەیرانێکی گەورە زیاتر دەبێت.

پێشتر بەرپرسانی باڵای ئامریکا و ئورووپا چەندین جار جەختیان کردبووەوە کە بەدواخستنی وتووێژەکانی بەرجام لەلایەن ئێرانەوە کارایی ئەو ڕێککەوتنە لەنێو دەبات.

لێکۆڵینەوەکانی نوێی ئاژانسی نێونەتەوەیی کە لە ڕۆژانی ڕابردوو بڵاو بووەوە دەریدەخات  کە بە سەرنجدان بە ڕێژەی پیتاندنی ئورانیۆم کە ڕێژیمی ئێران لە مانگەکانی ڕابردوودا بەرهەمی هێناوە، ئێران دەتوانێت هەتا مانگێکی دیکە دەستی بە ڕێژەیەکی زۆر لە سوتەمەنیی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی ڕابگات.

''ڕابێرت ماڵی'' نوێنەری تایبەتی ئامریکا لە کاروباری ئێران نزیک مانگێک لەمەوبەر وتبووی، ئێمە ناتوانین هاوکات کە ئێران لە حاڵی بەرەوپێشبردنی بەرنامە ناوکییەکانیەتی هەتا سەر چاوەڕوان بین، چونکە درێژەی چالاکییەکانی ئێران دەبێتە هۆی ئەوەیکە گەڕانەوە بۆ بەرجام لە قۆناغێکی تایبەتدا بێ سوود بێت.