کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرانسە: ئێران دەبێ بەنیسبەت چالاکییە ناوکییەکانی خۆی وڵامدەر بێت

12:16 - 12 جۆزەردان 2721

وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە بڵاوی کردووەتە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەبێت بەنیسبەت چالاکییە ناوکییەکانی خۆی بە شێوەی شاراوە وڵامدەر بێت.

"ڕافائێل گرۆسی" بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وەزی ناوکی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، ڕیژیمی ئێران بە شێوەی شاراوە خەریکی چالاکیی ناوکییە و هێچ وڵامێکی پاساوهەڵگریشی بۆ ئەم چالاکییە نییە.

لەم پەیوەندییەدا وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە داوای لە ئێران کردووە بە زووترین کات وڵامدەر بێت.

"ئەنیس فان دێر موون" وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی فەرانسە لە بەیانییەیەکدا ڕایگەیاندووە کە دانوستانەکانی ڤییەن هیچ پێشکەوتنێکی نەبووە.

فەرانسە هۆشداریی داوە ئەگەر ئێران وڵامدەر نەبێت بڕیارنامەیەک لە شۆرای ئەمنییەت دژی ئێران  پەسند دەکەین.

بەپێی ڕێککەوتننامەی بەرجام، ڕێژیمی ئێران نابێت لە ڕێژەی ٣٠٠ کیلۆگرەم زیاتر، ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم بەرزتر بکاتەوە، بەڵام لە ماوەکانی ڕابردووەوە، بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، سەرەڕای هەڕەشەی وڵاتانی ڕۆژاوایی، ئاستی پیتاندی ئۆرانیۆمی لەڕێژەی دیاریکراو، پەرە پێداوە.

پێشتریش شۆرای تەناهیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە ئێران کردبوو، پیتاندنی ئۆرانیۆم کۆتایی پێ بێنێت کە ئێران ئەو پێشنیارەی ڕەت کردبووەوە.

کارناسانی سیاسی لەو باوەڕەدان کە ڕێژیمی ئێران چالاکییە ناوکییەکانی خۆی درێژە پێداوە و بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە بۆمبی ناوکی هەوڵ دەدات و لە ئەگەری دەستپێڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ناوکی سەقامگیریی ناوچەکە و تەنانەت جیهانیش دەخاتە مەترسییەوە.