کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
فەرانسە: ئێمە لەبەر ئێران پشت لە ئامریکا ناکەین

فەرانسە: ئێمە لەبەر ئێران پشت لە ئامریکا ناکەین

18:34 - 28 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا - "ئیمانۆئێل ماکرۆن" سەرکۆماری فەرانسە وتوویەتی کە ئێمە لەبەر ڕێژیمی ئێران خۆمان تووشی شەڕێکی ستراتیژی ـ بازرگانی لەگەڵ ئامریکا ناکەین.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لە کاتێکدا کە یەکیەتیی ئورووپا هەوڵ دەدات نیسبەت بە گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا ڕێگا چارەیەک بدۆزێتەوە و پێوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕابگرێت، "ئیمانۆئێل ماکرۆن" سەرکۆماری فەرانسە وتوویەتی: "ئێمە لەبەر ڕێژیمی ئێران خۆمان تووشی شەڕێکی ستراتیژی ـ بازرگانی لەگەڵ ئامریکا ناکەین".

ماکرۆن لە پرێس کۆنفڕانسێکدا لە شاری "سوفیە" پیتەختی بولغارستان باسی لەوە کردووە: "ئێمە بۆ یەکیەتی لەگەڵ ئێران دژی ئامریکا ناوەستینەوە و لەبەر ئێران خۆمان تووشی شەڕ لەگەڵ ئامریکا ناکەین".

سەرکۆماری فەرانسە لە قسەکانیدا جەختی کردووەتەوە، ئێمە هەوڵ دەدەین ڕێککەوتنێکی باش لەگەڵ ڕێژیمی ئێران واژۆ بکەین و بتوانین ئامریکاش ڕازی بکەین.

ناوبراو جەختی کردووەتەوە، ئەگەر ئامریکا بەرژەوەندییەکانی ئێمە لەبەرچاو بگرێت، بەم شێوەیە دەتوانین لەبارەی پێداچوونەی ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی و پرسەکانی دیکەش گفتوگۆ بکەین لە غەیری ئەوەدا ئێمە بۆ بەرژەوندییەکانی یەکیەتیی ئورووپا ڕێگای خۆمان دەگرینە بەر.

لەو پێوەندییەدا، کۆمپانیای تووتاڵی فەرانسەش هاوکارییەکانی خۆی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕاگرت.

وڵاتانی ئورووپایی لە هەوڵ دان ڕێگاچارەیەک بۆ پێوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بدۆزنەوە و کۆمپانیا بازرگانییەکانیان لە سزای ئامریکا بپارێزرێت.

دوای هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام، ئامریکا کۆمەڵێک گەمارۆی ئابووری دژی ڕێژیمی ئێران پەسند کرد و هەروەها ژمارەیەک کەسی سەر به ڕێژیمی ئێرانی خستە لیستەی تێرۆر و گەمارۆی ئابووری دژی پەسند کردن.