
فەرمانبەران و کادری دەرمانیی نەخۆشخانەی "زاگرۆسـ"ـی شاری ئیلام سەبارەت بە دۆخی نالەباری ئەو نەخۆشخانەیە و ڕێگەپێنەدان بۆ مڵکیکردنی نەخۆشخانە، لە بەردەم پارێزگاریی ئەو پارێزگایە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
پارێزگای ئیلام تەنیا پارێزگایەکە لە ئاستی ئێراندا نەخۆشخانەی لە بەشی کەرتی تایبەتدا نییە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەیکە فەرمانبەران، کادری دەرمانی و نەخۆشەکان لەگەڵ کێشەگەلێکی زۆر بەرەوڕوو ببنەوە.
لە پارێزگای ئیلام حەشیمەتێکی زۆر لەژێر چاوەدێریی بیمەی دابینکردنی کۆمەڵایەتیدان و نەخۆشخانەکانی پارێزگا دەفرایەتیی ئەوەیان نییە خزمەتگوزاریی پێویست بۆ ئەو ڕێژەیە دابین بکەن.
هەر لەو پەیوەندییەدا لە نەخۆشخانەی دەڕەشار، پاک و خاوێنی ڕەچاو ناکرێت و هەتا ئێستا چەندین جار ئەو کەسانەی کە بۆ چارەسەرکردنی پزیشکی سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە لەمەڕ ڕەچاونەکردنی پاک و خاوێنی سکاڵایان تۆمار کردووە، بەڵام ئەو ڕەوتە هەر بەردەوامە.