کوردستان میدیا: لە حاڵێکدا ١/٣ی کرێنشینە بوومەلەرزەلێدراوانی پارێزگای کرماشان، لەسەر شەقامەکان دەخەون، فەرمانداری سەرپێڵیزەهاو باسی لەوە کردووە: بە هۆی بەلاشبوونی ئاو ئەو خەڵکە لە بەکاربردنی ئاو زێدەڕۆیی دەکەن.
موحەبەت جەماڵینیا، فەرمانداری شاری سەرپێڵیزەهاو، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئیلنا، لەسەر ئاماری بوومەلەرزەلێدراوانێ کە هێشتا سەقامگیر نەبوون، وتوویەتی: ٣٠ لەسەدی کرێنشینە بوومەلەرزەلێدراوان هەروا لەسەر شەقامەکان و لە نێو کانێکس و خێوەت دەژین.
ناوبراو هەروەها وتوویەتی: بەداخەوە بە هۆی بەلاشبوون، بەرخۆریی ئاو چووەتە سەرەوە و هەنووکە لە ١٢٠ لیتر بەرەو ٤٠٠ لیتر زیادی کردووە.
هەر لەم پێوەندییەدا بە وتەی فەرهاد تەجەری، نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم، لە مانگی داهاتووەوە، دەبێت بوومەلەرزەلێدراوان بەرگەی ئاو و کارەبا وەربگرن و لە بەرانبەر کەڵکوەرگرتن لە ئاو و کارەبا پارە بدەن.
ڕێژیمی ئێران کە هیچ کات لە بەرانبەر ڕووداوەکان و باری دژواری ژیانی خەڵکی ئێران و بەتایبەت کوردستان هەستی بە بەرپرسایەتی نەکردووە، لە وەها حاڵەتێک کە خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی پارێزگای کرماشان جیا لە کارەساتی گیانی لە بواری ماڵیشەوە ژیانیان نالەبارە، گوشار دەخاتە سەریان کە پارەی ئاو و کارەبا بدەن.