کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرمانداری قەڵادزێ دژی سپای پاسداران هێزی پێشمەرگەی ڕەوانەی سنووری کێلێ کرد

18:50 - 12 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: لە دوای دەستدرێژییەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، فەرمانداری شاری قەڵادزێ هێزی پێشمەرگەی ڕەوانەی سنووری کێلێ کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتووو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی ١٢ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، دوای ئەوەی کە سپای تێرۆریستیی پاسدرانی ڕێژیمی ئێران بنکەی لە سنووری کێلێ لە نێو خاکی هەرێمی کوردستان دروست کردووە، فەرمانداری شاری قەڵادزێش هێزی پێشمەرگەی ناردوە لە بەرامبەر هێزی سپای پاسداران بنکە دابنێن.

دوای ئەو بڕیارەی فەرمانداری قەڵادزێ، هێزەکانی سپای پاسداران ڕێگەیان نەداوە هێزەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر هێزی سپای پاسداران بنکە دابنێن، لە نێوان سپا و هێزەکانی پێشمەرگەوە ئاڵۆزی دروست بووە.

هەتا گەیشتنی ئەم هەواڵە دۆخی سنووری کێلێ ئاڵۆزه.

حەوتووی پێش هەواڵدەرییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویان کردەوە: "جەوهەر ڕەسووڵ، بەڕێوەبەری گومرۆگی ڕاپەڕین ڕایگەیاندووه، لەکاتێکدا پاسەوانی سنووری هەرێمی کوردستان سەرقاڵی درووستکردنی شوێنێک بوون بۆ حەوانەوەی خۆیان لە لایەن پاسەوانانی سنوری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە (مرزبانان) ڕێگریان لێکراوە و لە ئەنجامی ئەمەشدا دەمەقاڵە درووست بووە".

ئەو بەرپرسەی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کردبوو: "بۆ ڕێگرتن لە ئەگەری ڕوودانی کارەساتی نەخوازراو مەرزەکەمان بە ڕووی هاتوچۆکەراندا داخست".

بەڕێوەبەری گومرۆگی ڕاپەڕین لە قسەکانیدا باسی لەوە کردبوو کە سپاى پاسدارانى ئێران هەتا ئێستا چەند جارێک لە سنوورى مەرزى کێلێ بە بێ هیچ پاساوێک خاکى هەرێمی کوردستانیان بەزاندووە.

مەرزی کێلێ نزیکەی ٢٥ کیلۆمیتر لە ناوەندی شاری قەڵادزێوە دوورە و هاوسنوورە لەگەڵ شاری سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ ئەگەرچی تائێستا مەرزێکی نافەرمییە، بەڵام ڕۆژانە لەم سنوورەوە ئاڵۆگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکرێت.