کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرمانداری میاندوواو، ڕەخنەگرانی بە "موعتاد" وەسف کرد

17:42 - 8 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: فەرمانداری میاندوواو لە کۆبوونەوەیەکدا، هێرشی کردووەتە سەر خەڵک و ڕەخنەگرانی خۆی بە کەسانێکی "موعتاد" و کەسانێک کە مەوادی "شیشە" بەکاردێنن، وەسف کردووە.

"مەهدی قەهرەمانی"، فەرمانداری شاری میاندوواو، لە دانیشتنێکدا بە بۆنەی حەوتووی ناسراو بە "حەوتووی دەوڵەت"، لە قسەکانیدا وتوویەتی: "هەندێک موعتاد دوای بەکارهێنانی شیشە و حەشیش تووشی سەرلێشواوی دەبن و دەڵێن کە دەبێ فەرماندار بگۆڕدرێت".

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران پێشتریش لە شاری "تکاب"، به‌هۆی قسەی ناحەز و نەشیاو بە خەڵک، پۆستی فەرمانداریی لێ ئەستێندرابوویەوە.

ڕەخنەگران هۆکاری قسەکانی ئەو فەرماندارەی ڕێژیم بۆ نەبوونی لێهاتوویی ناوبراو دەگەڕێننەوە.

کاربەدەستانی ڕێژیم جیا لە خەڵکی ڕەخنەگر، ناڕازییانی ڕێژیمیش بە کەسانێکی ئاژاوەچی لە قەڵەم دەدەن.

لە ماوەی ڕابردوودا، "ئیبراهیم ڕەئیسی" و "سەعید عومرانی"، دوو بەرپرسی ڕێژیمی ئێران لە جیاتی وڵامدانەوە و بەدواداچوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک و بەتایبەت کرێکاران، ئەو کەسانەیان تاوانبار کرد و بە ئاژاوەگێڕیان وەسف کردن.

بەرپرسانی ڕێژیم بۆ ئەوەیکە وەک ڕابردوو وڵامی داخوازییە ڕەواکانی خەڵکی ناڕازی نەدەنەوە، هەوڵ دەدەن تاکوو ئەم ناڕەزایەتییانە بخەنە ئەستۆی هۆکارگەلێکی دەرەکییەوە.