کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرمانداریی ورمێ وتوویەتی، کێشەی دابینکردنی نان و ئاردمان لە ورمێدا نییە

17:23 - 15 رەزبەر 2720

لەدوای گرانبوونی ئارد و نان لە پارێزگای "ورمێ" نانەواخانەکان گرانبوون و چوونەسەرەوەی نرخی نانیان بۆ کەمیی ئارد گەڕاندووەتەوە و فەرمانداریی ئەو شارە بەنیسبەت ئەو کێشەیەوە وتوویەتی، کێشەی کەمیی نان و ئاردمان نییە.  

"عەلیڕەزا مەلا محەممەدیزادە" فەرمانداری ورمێ ڕایگەیاندووە: "بەشە ئاردی نانەواخانەکان نەک هەر زۆر بووە، بەڵکوو ئەگەر زیاتریشیان پێویست بێت بۆیان دابین دەکەین".

قسەکانی "محەممەدیزادە" لە کاتێکدایە کە پارێزگاری ورمێ سەرەڕای دانپێدانانی بەنیسبەت کەمیی ئاردەوە وتوویەتی: "داوای لێبووردن لە خەڵک دەکەین و لە بیری ئەوەداین بەشی ئارد زۆر بکەین".

فەرمانداریی ورمێ ئەو کێشانەی بۆ هەندێک لە خەڵک و نانەواخانەکان گەڕاندووەتەوە و خۆیان لە بەرپرسیاریەتیی ئەو کێشەیە بێبەری دەکەن.

خەڵکی ورمێ و شارەکانی دیکەی ئەو پارێزگایە بەهۆی گرانی و کەمیی ئاردەوە نیگەرانیی خۆیان دەربڕیبوو و بۆ وەرگرتنی نان دەبا بۆ ماوەیەکی زۆر لە سەفی نانەواخانەکاندا ڕاوەستایەتن.