کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەکانی سپای ڕێژیم بڕیاری خامنەیی بۆ کوشتنی خەڵک جێبەجێ دەکەن

17:24 - 8 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: لە بەرەبەری ٩ی بەفرانباردا، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لە ترسی سەرهەڵدانی خەڵک، بە شێوەی ڕاستەوخۆ هەڕەشەی کوشتن لە خەڵک دەکەن.

پاسداری تێرۆریست "جەماڵ شاکەرەمی"، فەرماندەی سپای تێرۆریستی پاسداران لە پارێزگای ئیلام، ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی بەفرانبار وتوویەتی، "ئاتەش بە ئێختیار" تاکتیکێکە بۆ هەوڵ و کردەوەی ئینقلابی.

ناوبراو لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە داوە، بە کردەوەیی ‌کردنی قسەی "ئاتەش بە ئێختیار" لە کاتی کردەوەدا مانای دروستی خۆی دەگەیەنێت.

ئەو پاسدارەی ڕێژیم لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتوویەتی، "ئاتەش بە ئێختیار" ئەو تواناییە بە نیزامییەکانی ئێمە دەدات کە لە کاتی سەرهەڵدان و بشێویدا چاوەڕوانی بڕیار نەبن و خۆیان جێبەجێی بکەن.

لێدوانەکانی ئەو پاسدارەی ڕێژیم هەڕەشە لە خەڵکی کوردستان و ئێرانە کە ئەگەر ناڕەزایەتی دەرببڕن ڕاستەوخۆ تەقەیان لێ دەکرێت.

لە کاتی خۆپێشاندانەکاندا کاربەدەستانی ڕێژیم خۆیان بڕیاریان دا کە تەقە لە خەڵکی ناڕازی بکرێت و دەیان کەس لە خەڵک کوژران.

لە خووزستان ڕێژیم بە چەکی سووک و نیوەقورس لە قامیشەڵانەکانی "ماهشەهەر"دا تاوانیان خولقاند.

لە "ئیسلامشار"، فەرمانداری ئەو شارە بە فەرمی بڕیاری دا کە خۆپیشاندەران بکوژرێن.

لە خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەردا بەپێی ڕاپۆرتی "ڕۆیتێرز"، ١٥٠٠ کەس کوژراون.

کوژرانی خەڵک ڕاستەوخۆ بە بڕیاری "عەلی خامنەیی"، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران بووە.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران خۆیان دانیان بەوەدا ناوە کە بە بڕیاری خامنەیی خەڵکیان کوشتووە.

ساڵی ٩٦ی هەتاوی، خامنەیی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ خوێندکاران وتی، بۆ پەرەپێدان به "گوتاری ئینقلاب" هەر کارێک بکەن.