کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەی بەناو سنوورپارێزیی ڕێژیم: کۆڵبەران "متجاوزانی مەرزیـ"ن

11:44 - 30 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: فەرماندەی مەرزبانیی ڕێژیمی ئێران، کۆڵبەرانی بە "داگیرکەرانی سنووریی" ناو برد، کە فریویان خواردووە و بەشێکن لە مافیای دژە ئاسایش!

مەئموورانی بەناو سنوورپارێزیی ڕێژیم، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٩ی بانەمەڕ، دەسڕێژییان کردە سەر گرووپێک لە کۆڵبەران لە ناوچەی سنووریی "سووراو"ی بانەدا و بە هۆیەوە کۆڵبەرێک گیانی لەدەست دا.

دوابەدوای ئەم هەواڵە، فەرماندەی بەناو سنوورپارێزیی ڕێژیم لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: کە کۆڵبەران "داگیرکەرانی سنووریـ"ـین و بەشێک لە مافیاکانن!

"قاسم ڕەزایی"، فەرماندەی ڕێژیم، تەقەی ڕاستەوخۆ و کوژرانی کۆڵبەرانی پشتڕاست کردەوە و پشتیوانیی لەم کارە جەنایەتکارانە کرد.

"حوسێن زولفەقاریـ"ـش، تەقەکردن لە کۆڵبەرانی، بە پارێزگاری لە ئاسایشی سنوورەکان و پێشگرتن لە هەڕەشە ناو برد و وتی: کەسانێک کە نایاسایی لە سنوورەکان هاتووچۆ دەکەن، دەبێت تەقەیان لێ بکرێت.

ئەم قسانەی فەرماندەی بەناو سنوورپارێزییە و بەرپرسانی باڵای ڕێژیم، ڕەواییدانی ڕێژیمە بە کوشتنی کۆڵبەران کە بە هۆی بێکاری و هەژارییەوە ڕوویان کردووەتە ئەم کاسبییە پڕ لە مەترسییە.

شایانی باسە کە لە سەرەتای مانگی بانەمەڕەوە تا ئێستا، ٨ کۆڵبەر بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی نیزامییانی ڕێژیمەوە گیانیان لەدەست داوە و دوو کۆڵبەری تر بە هۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی و خنکان لە نێو ڕووباردا، گیانیان لە دەست داوە.

تەقەی نیزامییانی ڕێژیم لە سنوورە دەسکردەکاندا، ساڵانە سەدان کۆڵبەر دەکاتە قوربانی.