کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەی سپا وتوویەتی ئەگەر فڕۆکەکە نەخرابایە خوارەوە، شەڕ ڕووی دەدا

16:48 - 20 بەفرانبار 2721

دایک و باوکی دوو کەس لە موسافیرەکانی فڕۆکەی ئۆکراینی کە لەلایەن سپای پاسدران وێڕای ١٧٤ کەسی دیکە کە لەو فرۆکەیەدا گیانیان لەدەست دا، لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی ''شەرق'' ئاشکارایان کردووە کە ''حوسێن سەلامی'' فەرماندەی سپای پاسدران بە ئەوانی وتووە ئەگەر فڕۆکەکە نەخرابایە خوارەوە، شەڕ لەگەڵ ئامریکا ڕووی دەدا.

دوو ساڵ لەمەوپێش فڕینی ٧٥٢ی فرۆکەی ئۆکراینی کە بە مەودایەکی کەم دوای فڕینی لە فڕۆکەخانەی تاران بە دوو مووشەکی سپای پاسدران خرایە خوراەوە، بابەتی بەئەنقست کردنە ئامەنجی ئەو فڕۆکەیە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، دەیان جار لەلایەن وڵاتان، بنەمەڵەی قوربانییان و دژبەرانی ئێران خراوەتە بەر باس، بەڵام هیچ کات بەرپرسانی ڕێژیم ئەو بابەتەیان بە ئاشکرا باس نەکردووە.

پێشتریش، ئەنجومەنی بنەماڵەی کوژراوانی فرۆکەی ئۆکڕاینی لە ڕاپۆرتێکدا نووسیبوویان کە بەڵگەکان ئەوە دەخەنە ڕوو کە خستنەخوارەوەی ئەو فڕۆکەیە لەلایەن سپای پاسدرانەوە بە ئەنقەست و لە ڕاستای پێکهێنانی قەڵغانیکی مرۆیی بۆ پێشگیری لە هێرشی ئامریکا بووە.

بەو حاڵەوە بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران دەڵێن کە کردنە ئامانجی فڕۆکەی ئۆکراینی بەهۆی هەڵەی مرۆیی بووە، بەڵام ئۆکراین، کانادا و هەندێک لە چاودێران ئەو ئیدعای ڕێژیمی ئێران ڕەت دەکەنەوە و دەلێن کە ئەو ڕێژیمە لە حاڵی سەرپۆشی هۆکارەکانی ئەو ڕووداوەیە.