کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەی سپای تێرۆریستی بەیتولموقەدەس، سەردانی ناوچە سنوورییەکانی مەریوانی کرد

18:42 - 26 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: لە درێژەی سەردانەکانی بەرپرسانی ڕێژیم بۆ ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، ئەمجارە فەرماندەی سپای تێرۆریستی بەیتولموقەدەسی پارێزگای سنە، سەردانی ناوچە سنوورییەکانی مەریوانی کرد.

هەواڵدەریی تەسنیم، سەر بە سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، لە هەواڵێکدا باسی لەوە کردووە کە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٦ی پووشپەڕ، پاسدار "محەممەدحوسێن ڕەجەبی"، فەرماندەی سپای بەیتولموقەدەسی پارێزگای سنە، سەردانی مۆڵگە و شوێنە عەمەلیاتییەکانی ناوچە سنوورییەکانی مەریوانی کردووە.

ئەم هەواڵدەرییە، هۆکاری سەردانی ئەم پاسدارەی ڕێژیمی بۆ چاوەدێری بە سەر ئامادەیی هیزەکانی سپای پاسداران لە بواری تاکتیکی و ڕەزمییەوە گەڕاندوەتەوە.

ئەمە لە حاڵیکدایە کە پێشتریش لە ڕۆژی ١٧ی جۆزەرداندا، "محەممەد پاکپوور"، فەرماندی هێزی زەوینیی سپای تێرۆریستی پاسداران و کۆمەڵێکی تر لە فەرماندەکانی باڵای سپا لە کوردستان و تاران، بە مەبەستی چاوەدێری بە سەر مۆڵگە و بنکە تێرۆریستییەکانی هێزە سەرکوتکەرەکانیان، سەردانی چیاکانی شاهۆ و کۆساڵانیان کردبوو.

سەردانی چروپڕی فەرماندەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە سنوورەکان و چیاکانی کوردستان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە جیا لەوەی کە باوەڕیان بە جاش و بە کرێگیراوە کوردە خۆفرۆشەکان نەماوە، باوەڕیان بە فەرماندەکانی خۆشیان لە کوردستان نەماوە و لە ترسی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەردەوام سەردانی کوردستان دەکەن و هێزی زیاتر ڕەوانەی شار و ناوچەکانی کوردستان دەکەن.