کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەی سپای پاسداران هەڕەشە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات

11:07 - 28 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: فەرماندەی گشتیی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، هەڕەشە لە پاکستان، عەرەبستان و ئیمارات دەکات.

پاش ئەوەی کە ڕۆژی هەینی ۲۶ی ڕێبەندان، کۆمەڵێک لە بەرپرسان و ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، لەسەر کوژران و برینداربوونی چل پاسداری سپای پاسداران لە بەلووچستان، قامکی تاوانیان بۆ لای ڕۆژئاوا و ئیسرائیل و ئامریکا ڕاکێشا و بە توندی هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەیان دەکرد، سپای تێرۆریستی پاسداران، هەڕەشەی لە وڵاتانی ناوچەکە کرد.

ڕۆژی شەممە ۲۷ی ڕێبەندان، لە کاتی ناشتنی کوژراوەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران، پاسدار محەممەدعەلی جەعفەری، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر تۆڵەی کوژراوەکانی ئەو هێزە، قامکی تاوانی بۆ لای پاکستان، عەرەبستان و ئیمارات ڕاکێشا و زۆر بە توندی هەڕەشەی لەو سێ وڵاتەی ناوچەکە کرد.

فەرماندەی گشتیی سپای تێرۆریستی پاسداران، لە بەشێک لە هەڕەشەکانیدا ئاگاداریی بە پاکستان دا، کە شێوازی ڕەفتاری لەگەڵ بکەرانی ئەو کردەوەیە بگۆڕێت و وتی: "ئەگەر پاکستان بەرپرسیارەتییەکانی خۆی بەرانبەر بە تێرۆریستەکان جێبەجێی نەکات، ئێران ئەو بەکرێگیراونەی کە لە لایەن ناوەندە سیخۆڕییەکانی ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکە ڕێک خراون، سزا دەدات".

پاسدار جەعفەری، لە درێژەی هەڕەشەکانیدا ڕایگەیاند؛ ئەو سەبرەی پێشتری ئێران لە بەرانبەر پیلانەکانی حکوومەتە دواکەوتووەکانی ناوچەکە بەتایبەت عەرەبستان و ئیمارات کە ئەو کردەوە تێکدەرانە دەکەن، گۆڕانی بەسەردا دێت و تۆڵە دەکەینەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ۲٤ی ڕێبەندان، ڕێکخراوی "جەیشولعەدلـ"ـی بەلووچستان، لە هێرشێکی سەربازییدا بۆ سەر پاسێکی بەناو سنوورپارێزانی سپای تێرۆریستی پاسداران کە ٤۰ کەسی تێدا بوو، لە نێوان جادەی خاش ــ زاهدان لە پارێزگای بەلووچستان، هەر هەموو چل کەسەکە کوژران و بریندار بوون.