کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەی سپای پاسداران هەڕەشەی مووشەکە خاڵکوتەکانی لە ئیسرائیل کردووە

10:44 - 27 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیم و بەتایبەت فەرماندەکانی سپای پاسداران بەردەوام هەڕەشەی لەنێوبردن لە ئیسرائیل دەکەن.

محەممەدعەلی جەعفەری، فەرماندەی سپای پاسدارانی ڕێژیم، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٦ی بەفرانبار، هەڕەشەی لە ئیسرائیل کردووە، کە لە مووشەکە خاڵکوتەکانی ئێران بترسێت.

ئەم هەڕەشەیە لە وڵامی هەڕەشەکانی نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بوو، کە وتبووی: ئەگەر کۆماری ئیسلامی هێزە چەکدارەکانی خۆی بەخێرایی لە سووریە نەکشێنێتەوە، ئیسرائیل لە هێرشە نیزامییەکانی خۆی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەو نیزامییانە بەردەوام دەبێت.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی فارس سەر بە سپای پاسداران، جەعفەری، قسەکانی نێتانیاهووی بە گاڵتەجاڕ زانیوە و وتوویەتی: "ئیرادەی کۆماری ئیسلامی، پاراستنی ئەو شتانەیە کە لە سووریەدا هەیەتی".

ناوبراو لە درێژەدا باسی لەوە کردووە: "هەموو ڕاوێژکارە نیزامی و ئینقلابییەکان و هەروەها ئەو کەرەستە و چەکوچۆڵانە کە بۆ ڕاهێنان و بەتواناکردنی داکۆکیکارانی ئیسلام و پشتیوانان خەڵکی ستەملێکراوی سووریە، لەو وڵاتە هەمانە، دەیانپارێزین".

جەعفەری، ئاماژەی بە هێرشە مووشەکی و ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەکانی کۆماری ئیسلامی کردووە و وتوویەتی: "ئەوەی بزانین ئەگەر لە بەرانبەر هێندێ هەوڵ و هێرشی ئێوەدا پشوودرێژین، حیکمەتێکی لە پشتە".

پاشان بە توندی هەڕەشەی لە ئیسرائیل کردووە و وتوویەتی: "تەنیا ئەوەی بزانین کە خەریکن لەگەڵ کلکی شێر کایە دەکەن و لەو ڕۆژەی بترسن کە مووشەکە خاڵکوتەکانی کۆماری ئیسلامی بە گوڕ و تینەوە بە سەرتان دادەببارێت و تۆڵەی خوێنی ئەو هەمووە موسڵمانە ستەمەلێکراوانەی ناوچەکەتان لێ دکەینەوە".   

بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامی، لە خومەینییەوە بگرە هەتا خامنەیی و سەرکۆمار و فەرماندەکانی سپا، هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاریانەوە، بەردەوام هەڕەشەی لەنێوچوون لە ئیسرائیل دەکەن، بەڵام ماوەیەک پێش، بە هۆی گوشارە نێونەتەوەیی و هەروەها گەمارۆوە جۆراوجۆرەکانی ئامریکا، جەواد زەریف لە وتووێژێکی تەلەفزیۆنیدا پاساوی بۆ ئەم هەڕەشانە بەتایبەت قسەکەی خومەینی هێناوە، کە گوایە خومەینی نەیگوتووە، ئیسرائیل لە نێو دەبەین؛ بەڵام ئەم پاساوهێنانەوەی زەریف کۆمەڵێک دژکردەوەی لە لایەن کاربەدەستانی ڕێژیمی لێ کەوتەوە.