کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەی سێنتکام: دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە عێراق و سووریە یەکێک لە بەربەستەکانی شکستدانی داعشە

13:02 - 23 گەلاوێژ 2720

ژەنراڵ ''کێنت مەکێنزی'' بەرپرسی ستادی فەرماندەیی ناوەندیی ئەرتشی ئامریکا، ناسراو بە "سێنتکام"، دەستێوەردانەکان و هەوڵە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێرانی لە عێراق و سووریەی بە یەکێک لە بەربەستەکانی شکستی یەکجاریی داعش ناو لێ بردووە.

فەرماندی سێنتکام وتوویەتی: "پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران لە گرووپە نیابەتییە چەکدارەکانی لە عێراق، مەترسی بۆ سەر هێزە هاوپیمانەکان زیاد دەکات و لەسەر تواناییەکانی ئێمە بۆ پشتیوانی لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و عەمەلیات دژی داعش، کاریگەری دادەنێت.

''کێنت مەکێنزی'' باسی لەوە کردووە کە پشتیوانیکردن لە ڕێژیمی سووریە و گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچە، شەڕ لەگەڵ داعش درێژتر دەکاتەوە و ئەمە پێش لە گەڕانەوەی ئاوارەکان و پەنابەران دەگرێت و دەبێتە هۆی دەستێوەردانی وڵاتان و لایەنەکانی ناوچەکە.

هەوڵە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای گرووپە تێرۆریستییەکان لە وڵاتانی ناوچەکە دۆخێکی ناسەقامگیر و پڕ لە ئالۆزیی لەو وڵاتانە پێک هێناوە و نیگەرانیی زۆری دروست کردووە.

لە ئێستادا خەڵکی وڵاتانی عێراق، سووریە و لوبنان، دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران بە هۆکاری نالەباری وڵاتەکەیان دەزانن و لە خۆپیشاندانەکاندا داوا دەکەن کە دەستی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتانە ببڕدرێت.