کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەی قاچاخچییانی کوژراو لە سنووری ئۆردۆن سەر بە "حیزبوڵڵا"ی لوبنان بووە

18:15 - 2 جۆزەردان 2722

چاوەدێریی مافی مرۆڤی سووریە پشتڕاستی کردەوە کە فەرماندەی قاچاخچییانی کوژراو لە سنووری  ئۆردۆن سەر بە "حیزبوڵڵا"ی لوبنان بووە.

چاوەدێریی مافی مرۆڤی سووریە هەروەها ڕایگەیاند، ئەو فەرماندەیە پەیوەندیی توندوتۆڵی لەگەڵ ڕێبەرانی "حیزبوڵڵا" هەبووە و ڕێبەریی گرووپێکی قاچاخچیی مادە سڕکەرەکان لە ناوچەکانی "دەرعا" و "سویدا" لە باشووری سووریەی کردووە. 

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١ی جۆزەردانی ١٤٠١، "ئەرتشی ئۆردۆن" بڵاوی کردەوە کە لە ئەنجامی عەمەلیاتێکدا لە سنووری نێوان ئۆردۆن و سووریە، چوار قاچاخچیی مادە سڕکەرەکانیان کوشتووە.

لە ماوەی ڕابردوودا گرووپەکانی سەر بە حیزبوڵڵا و لەشکری چوارەمی ئەرتشی سووریە بە فەرماندەیی "ماهر ئەسەد" برای سەرکۆماری ڕێژیمی سووریە و بە هاوکاریی سپای تێرۆریستی پاسداران مادەی سڕکەری زۆریان لە لوبنانەوە بۆ پارێزگاکانی دەرعا و سویدا و لەوێشەوە بۆ ئۆردۆن و باقیی وڵاتانی عەرەبی بە ئامانجی قاچاخچێتی بەڕێ کردبوو.

چاوەدێریی مافی مرۆڤی سووریە هەروەها بڵاوی کردووەتەوە کە ئەوەی بەڕێوە دەچێت پرۆسەیەکی سیستماتیکە کە لە ئۆردۆن وەکوو دەروازەی قاچاخ بۆ وڵاتانی کەنارەی کەنداو کەڵک وەردەگیرێت.