کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەی هێزی زەوینیی سپای تێرۆریستی پاسداران سەردانی چیاکانی شاهۆ و کۆساڵانی کرد

10:55 - 18 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: لە ترسی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، فەرماندەی هێزی زەوینیی سپای تێرۆریستی پاسداران و کۆمەڵێکی تر لە فەرماندەکانی تری سپا، سەردانی چیاکانی شاهۆ و کۆساڵانیان کرد.

ترس و دڵەڕاوکێکانی ڕێژیم لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، گەیشتووەتە ئاستێک کە فەرماندەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران باوەڕیان بە هێزەکانی خۆشیان لە کوردستاندا نەمێنێت و خۆیان ڕاستەوخۆ بە مەبەستی چاوەدێری بە سەر بنکە و مۆڵگەی هێزە تێرۆریستییەکانیان، سەردانی چیاکانی کوردستان بکەن.

لەم پەیوەندییەدا، وێڕای ئەوەی کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا فەرماندەکانی باڵای سپای تێرۆریستی پاسداران بە بەردەوامی سەردانی چیاکانی کوردستانیان کردووە و شوێنی بنکە و مۆڵگەی نوێیان بۆ هێزە تێرۆریستییەکانی خۆیان دیاری کردووە، ڕۆژی هەینی، ١٧ی جۆزەردان، "محەمەد پاکپوور"، فەرماندی هێزی زەوینیی سپای تێرۆریستی پاسداران و کۆمەڵێکی تر لە فەرماندەکانی باڵای سپا لە کوردستان و تاران، بەمەبەستی چاوەدێری بە سەر مۆڵگە و بنکە تێرۆریستییەکانی هێزە سەرکوتکەرەکانیان، سەردانی چیاکانی شاهۆ وکۆساڵانیان کردووە.

لەم سەردانەی فەرماندەی هێزی زەوینیی سپای تێرۆریستی پاسداراندا بۆ چیاکانی کوردستان، وەکوو لێدوانی پڕچەواشەی هەمیشەیی بەرپرسانی ڕێژیم، لە لێدوانێکی چەواشەکارانە و پڕوپاگەندەدا بە میدیاکانی ڕێژیمی ڕاگەیاندووە: "لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، هێزەکانمان لە ناوچەکانی هەورامانات و بەرزاییەکانی شاهۆ و کۆساڵان، ئەمنییەت و ئاسایشی ناوچەکەیان پاراستووە و ناوچەکە بە تەواوەتی لە ئەمنییەتدایە."

سەردانی چروپڕی فەرماندەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە سنوورەکان و چیاکانی کوردستان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە جیا لەوەی کە باوەڕیان بە جاش و بە کرێگیراوە کوردە خۆفرۆشەکان نەماوە، باوەڕیان بە فەرماندەکانی خۆشیان لە کوردستان نەماوە و لە ترسی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەردەوام سەردانی کوردستان دەکەن و هێزی زیاتر ڕەوانەی شار و ناوچەکانی کوردستان دەکەن.