کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەی هێزە ئینتزامییەکانی زابۆل، درایە بەر دەسڕێژیی گوللـە

12:42 - 4 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بە هۆی گوشاری لەڕابەدەر بۆ سەر خەڵکی ئێران لە لایەن مۆرەکانی ڕێژیمەوە، هەر ڕۆژە و هەواڵی کوشتنی دەستوپەیوەندییەکی ئەو ڕێژیمە دەبیسرێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە، ٣ی پووشپەڕ، سەرهەنگ "ئەحمەد سەمەرەئیبراهیمی"، فەرماندەی هێزە ئینتزامییەکانی زابۆل، سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، لە لایەن کەسانێکی نەناسراوەوە درایە بەر دەسڕێژیی گولـلە و بریندار کرا.

سەرچاوەی ئەم هەواڵە باسی لەوە کرد کە دەستوپەیوەندییەکانی ڕێژیم لە حاڵی بەدواداچوون بۆ دۆزینەوە و دەسبەسەرکردنی بکەرانی ئەم کارەن و جێگری فەرماندەی ئینتزامیی سیستان و بەلووچستان بۆ ئەم کارە ڕاسپێردراوە.

ئەو کەسە باسی لەوەش کرد کە دۆخی ئەم فەرماندەیەی هێزە داپڵۆسێنەرەکەی ڕێژیم جێگیرە و ناوبراو لەژێر چاوەدێریی پزشکیدایە.

ڕێژیم کە لەنێو کێشە قووڵە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا چەقیوە و هیچ دەرەتانێکی بۆ خۆدەربازکردن نەماوە، لە ڕێگای مۆرەکانی خۆیەوە دەیەوێت بە سەرکوت و ئازاری خەڵکی ئێران، کە دەنگی ناڕەزایەتییان بەرز بووەتەوە و ئاگری ڕاپەڕینی جەماوەری بڵێسە دەستێنێت، دۆخەکە بە قازانجی خۆی ئارام بکاتەوە.