کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەی هەوافەزای سپای پاسداران: وتووێژ لەسەر بەرنامەی مووشەکیی ئێران هێڵی سوورە

17:42 - 13 بەفرانبار 2720

''ئەمیرعەلی حاجی زادە'' فەرماندەی هەوافەزای سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە هەواڵدەریی ''تەسنیمـ''ـی سەر بە ڕێژیمی وتووە، بەرنامەی مووشەکیی ئێمە بە هیچ شێوەیەک وتووێژی لەسەر ناکرێت و ئەو کەسەی کە دەیهەوێت لەو بوارەدا وتووێژ بکات، غەڵەتی کرد.

ناوبراو وتوویەتی: ''ئیزنی وتووێژ لەسەر بەرنامەی مووشەکی بە هیچ بەرپرسێک نادرێت و ئەمە هێڵی سوورە''.

فەرماندەی هەوافەزای سپای پاسداران باسی لەوە کردووە، مەودای بڕینی ٢ هەزار کیلۆمیتریی مووشەکەکانی ئێران کۆتایی کار نییە و هیچکەس ئێمەی ناچار نەکردووە کە مەودای بڕینی مووشەکەکانمان سنووردار بێت، چوونکە ئێمە لەسەر توانایی مووشەکی لەگەڵ کەس قسە ناکەین.

لەو پەیوەندییەدا ''جۆ بایدن'' دوای هەڵبژاردەنەکانی ئامریکا لە قسەکانیدا باسی لەوە کردبوو کە دەوڵەتەکەی بە ڕاوێژکردن لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ئامریکا چالاکییە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران سنووردارتر دەکات و بەرنامەی مووشەکیی ئەو ڕێژیمە تاوتوێ دەکات.

هەروەها ''هایکۆ ماس'' وەزیری دەرەوەی ئاڵمان لە مانگی ڕابردوودا وتبووی، گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی بەرجام بە تەنیا تەواو نییە و دەبێ ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران پێک بێت کە بەرنامەی مووشەکیی ئەو ڕێژیمەی تێدا بگونجێت.

ئەوە لە حاڵیکدایە کە ''عەلی خامنەیی'' ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی سێ دەزگای یاسادانان، کارگێڕی و دادوەری، دژایەتیی خۆی لەهەمبەر وتووێژ لەگەڵ ئامریکا و ئورووپا لەسەر بەرنامەی مووشەکی دەربڕیبوو. 

خامنەیی وتبووی: ''بە ئێمە دەڵێن لە ناوچەکەدا دەستێوەردان مەکەن؛ لە حاڵێکدا بریتانیا و فەرانسە مووشەکی ناوکییان هەیە و ئاڵمانیش لەو ڕێگەیەدا هەنگاوی هەڵگرتووە و بە ئیمەش دەڵێن نابێ مووشەکتان هەبێت. چ پێوەندییەکی بە ئێوەوە هەیە؟''

وڵاتانی ئورووپایی و ئامریکا بەردەوام لەسەر چالاکیی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران دژکردەوەیان هەبووە و لەسەر ئەو باوەڕەن کە بەرنامەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران هەڕەشەئامێزە، هەروەها ئەو ڕێژیمە لە ڕاستای بەرهەمهێنانی مووشەکی هەڵگری کڵاوەی ناوکی دەڕواتە پێش.