کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەی گشتیی سپای تێرۆریستی پاسداران ئیدەعا دەکات کە ڕێژیمەکەیان بۆ هەژارەکان خانووی خۆڕایی دروست دەکات

18:20 - 11 سەرماوەز 2721

"حوسێن سەلامی" فەرماندەی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە ئیدەعایەکدا وتوویەتی: "لە کاتێکدا لە ئامریکا پۆلیسی ئەو وڵاتە دەست بەسەر ماڵ و مڵکی خەڵکدا دەگرێت، لە ئێراندا نیزامی ئیسلامی بەخۆڕایی خانوو بۆ خەڵکی هەژار و بێدەرەتان دروست دەکات".

ئەو ئیدەعایانەی "سەلامی" لە حاڵێکدایە کە خەڵک لە ئێران ڕۆژانە لەگەڵ دەیان کێشە و قەیرانی جۆراوجۆر ڕووبەڕوون و بێکاری، نەبوونی، گرانی و دەیان کێشەی دیکە تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە.

نەتەنیا ڕێژیمی ئێران خانوو بۆ هەژاران دروست ناکات، تەنانەت لە کۆنترۆڵکردنی کرێی خانوو دۆش داماوە.

بۆ نموونە، بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجوومەنی نووسینگەکانی خانووبەرەی پارێزگای ئیلام، ٦٠ هەتا ٧٠ لەسەدی داهاتی خێزانە کرێچییەکان لەو پارێزگایە، بۆ کرێی خانوو دەڕوات.

ڕێژیمی ئیسلامی لە ئێراندا نەک هیچ خزمەتگوزارییەکی بۆ خەڵک نەکردووە، تەنانەت خەڵک لەژێر سێبەری دەسەڵاتی ئەم ڕێژیمەدا هیچ ئاسایشێکیان نییە.