کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەی یەگانی پاراستنی ژینگەی ڕێژیمی ئێران بێڕێزیی بە شەهیدانی ژینگە کرد

19:12 - 12 پووشپەڕ 2720

''جەمشید محەممەد خانی'' فەرماندەی یەگانی پاراستنی ژینگەی ڕێژیمی ئێران بەنیسبەت سێ شەهیدی ژینگەپارێز کە گیانی خۆیان بۆ پارستنی ژینگەی کوردستان بەخت کرد وتوویەتی، مەرگی ئەم سێ چالاکە ژینگەپارێزە ئامۆژگارییەکە بۆ خەڵک.

ناوبراو بە شێوەیەکەکی نابەرپرسانە دەڵێت، ئێستا وەرزی ئاگرکەوتنەوەیە و کەمیی هێز و ئیمکاناتیش بڕیار نییە چارەسەر بکرێت و پێشگرتن و کۆنترۆڵی ئاگرکەوتنەوەکانیش لە ئارادا نییە، کەواتە دۆخە هەر ئەوەیە کە هەیە.

لە ڕەوتی ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی ''بۆزین و مەرەخێڵ'' لە پاوە، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەو شارە هیچ هەوڵێکیان بۆ کۆنترۆڵی ئاگری دارستانەکانی ئەو ناوچە ئەنجام نەدا و خەڵک و ژینگەپارێزانی ئەو ناوچەیە بەنیسبەت ئەم ڕووداوە بێدەنگ نەبوون و بەبێ هیچ ئیمکاناتێک هەوڵیان دا کە ئاگرەکە بکوژێننەوە و لە ئاکامدا سێ چالاکی ژینگەپارێزی بە ناوەکانی "موختار خەندانی، بیلال ئەمینی و یاسین کەریمی" گیانی خۆیان لەدەست دا.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم ئیدعای ئەوە دەکات کە خەڵک و ژینگەپارێزان بەبێ ئاگادارکردنەوە و هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێمە، هەوڵی کوژاندنەوەی ئەو ئاگرکەوتنەوەیان داوە، بۆیە ئاکەمەکەشی ئەوە دەبێت.

دەزگای ڕێکخستنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕاستییەکانی ئەو ڕووداوەی بۆ خەڵک ئاشکرا کرد: "هەمان ڕۆژ و چەند کاتژمێر پێش شەهیدکرانی ژینگەپارێزان، تۆڕی مۆبایلی ناوچەکە بە شێوەیەکی گوماناوی و پیلانداڕێژراو لەکار دەخرێت و تەنانەت هێزە تێرۆریستییەکانی سپای پاسداران بێ سیمی تیمەکانی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی ژیواییان لێ وەردەگرنەوە و بەو شێوە بە تەواوەتی پەیوەندیی تیمەکان بەیەکەوە نامێنێت".

 هەروەها لەو ڕاگەیەندراوەدا باس لەوە کراوە: ''لە کاتی ئاگرتێبەربوونەکە و لە کاتی ڕووداوەکەشدا، لە ناوچەکە چەندین جار دەنگی تەقینەوە بیستراوە و دارەستانەکانی بۆزێن و مەرەخێڵ ناوچەی پارێزراون و لەلایەن هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئێرانەوە بەتوندی لەژێر چاودێریدایە و خەڵکی ئاسایی ناتوانن بە ئاسانی هاتوچۆی ئەو ناوچە کە ئاگرەکەی لێ بەربووەتەوە بکەن و هەر بۆیە کە ئاشکرایە کە ئەم ڕوداوەش پیلانی ڕێژیمی ئێرانە''.