کوردستان میدیا: سەبارەت بە ناسنامەی شەهیدانی نوێی گەل، فەرماندەیی هێزی پیشمەرگە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
راگەیەندراوی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان
هەر وەک ڕۆژی ١٧/٦/١٣٩٧ی هەتاوی لە پێوەندی لە گەڵ مووشەکبارانی بنکەکانی کۆیەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران رامانگەیاند دوو پێشمەرگەی حیزب تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوون کە بریتین لە:
ـ شەهید "فاروق حەسەن خەیات"؛ ناوبراو لە ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی لە شاری بۆکان لەنێو بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لە دایک بوو، پاش ڕەوانەکردنی بۆ قوتابخانە توانی سەرکەوتووانە بڕوانامەی فەوق لیسانس (کارناسی باڵا)ی لە رشتەی موهەندسی کشاوەرزی وەدەست بهێنێت؛ شەهید فاروق نموونەی پێشمەگەیەکی لێهاتوو، ئازا و وشیار بوو کە بەو هۆیەوە بوو بە مامۆستای فێرگە و وەک کادرێکی سیاسی و نیزامی بەبڕشت ئەرکە پێئەسپێردراوەکانی خۆی لەوپەڕی دڵسۆزیدا بەڕێوە دەبرد.
ـ شەهید "موختار قادرپوور"؛ ناوبراو ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی لە ئاوایی تایربۆغەی سەر بە شاری سەقز لە نێو بنەماڵەیەکی گەلدۆست لە دایک بوو. شەهید موختار یەکێک لەو پێشمەرگە گیان لەسەر دەست، ئازا و لێهاتووانەی حیزب بوو کە دلسۆزانە کار و ئەرکە حیزبییەکانی بەڕێوە دەبرد و بەهۆی ئاکارە شۆرشگێڕانەکانی ببوە سەرباشقەی هاورێ و هاوسەنگەرانی، هەر بەو هۆیەشەوە بوو بە مامۆستای فێرگە و وانەکانی نیزامی فێری فێرخوازانی دەورەی سەرەتایی پێشمەرگە دەکرد.
لەلایەکی دیکەشەوە بە پێی هەواڵی گەیشتوو، دوو پێشمەرگەی ئازا و چاونەترسی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە لە رێکەوتی ١٩ لە سەر ٢٠ی گەلاوێژی ئەمساڵ لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی کێلەشین بە برینداری کەوتبوونە دەست هێزە تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی لەم رۆژانەی دواییدا شەهید کراون، ناوی ئەو دوو پێشمەرگە سەربەرز و قارەمانە کە بە برینداری تا دوافیشەک لە بەرانبەر دوژمن کۆڵیان نەدا، بریتییە لە:
ـ شەهید "ئەحەد شەباب" کوڕی قادر، خەڵکی مەهاباد کە لە ساڵی ١٣٩٥ پەیوەست بوو بە ریزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.
ـ شەهید "ناسر عەزیزی" کوڕی خالید ناسراو بە "هەژار" خەڵکی مەهاباد کە لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا خزمەتی بە خاک و نیشتمانەکەی دەکرد.
هەر دوو هاوڕێی شەهید لە مەئموورییەتەکانی حیزبیدا چالاکانە بەشدار بوون و دواجار گیانی ئازیزیان کردە پردەبازی ئازادی.
لە لایەن ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێزی پێشمەرگەی کورستانەوە بە بۆنەی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان و دوو شەهیدی شەڕی کێلەشین سەرەخۆشی لە هەموو خەڵکی کوردستان و کەس و کاری ئەو شەهیدانە دەکەین و خۆمان بە بەشداری خەمیان دەزانین، ڕۆحیان شاد.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان
١٨ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی