کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان: پێشمەرگە لە ناوخۆی کوردستان لە مەیدان دایە

01:09 - 16 خەرمانان 2718

کوردستا میدیا: فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە، ڕێژیمی ئێران ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژهەڵات و باشوور بە بیانووی بوونی بنکەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان تۆپباران دەکات.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیەندراوی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان

 ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی  ١٥ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، کاتژمێر ١١ی سەرلەبەیانی هێزە دژی گەلییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشێکی توندیان بە تۆپ و خومپارەباران بە هاوکاریی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان کردە سەر ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان لە سنوورەکانی پیرانشاری رۆژهەڵات و چۆمان و سیدەکانی باشووری کوردستان.

ئەم ئاگربارانە هەتا کاتژمێر ٢ی پاش نیوەڕۆ بەردەوام بووە و بۆ جارێکی دیکەش لە کاتژمێر ٥ی دوانیوەڕۆوە هەتا گەیشتنی ئەم هەواڵە لە ناوچەی چۆمان تۆپباران بەردەوامە. لە ئاکامی ئەم هێرشانە زەرەر و زیانێکی زۆر بەر ژینگەی ئەم ناوچەیە کەوتووە و شوێنی ژیانی کاسبکاران و مەڕدارانی سنوورەکانی چۆمان و سیدەکان کەوتووەتە مەترسییەوە و هەر بۆیەش خەڵکی نیشتەجێی ئەو ناوچانە ژیان و ماڵی خۆیان بەجێ هێشتووە.

ئەم کردەوە دژی گەلییەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بیانووی بوونی بنکەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستانە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە پێشمەرگە لە ناوخۆی کوردستان لە مەیداندایە؛ بەڵام ڕێژیم هێزی دژی گەلیی خۆی بەردەوام دژ بە هێزی پێشمەرگە لە قووڵایی باشووری کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوە بەکار هێناوە.

لەگەڵ مەحکوومکردنی هێرشی دژی گەلیی ڕێژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی بۆسەر ماڵ و ژیانی خەڵک و ژینگەی کوردستان هیوادارین بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دژ بەم  کردەوە نامرۆڤانانەی کۆماری ئیسلامی هەڵویست بگرن.