کوردستان میدیا: فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە نیسبەت به سزاگەیاندنی بەکرێگیراوێکی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری نەغەدە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
ڕاگەیەندراوی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان
بۆ ئاگاداری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ڕادەگەیەنین کە لە درێژەی کار و چالاکی و بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕێکەوتی ٣ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە شاری نەغەدە بەکرێگیراوێکی ڕێژیمی ئێران، بە ناوی "حوسێن تەیموور بەیگ" خەڵکی پەسوێ سەر بە شاری پیرانشار، دانیشتووی شاری نەغەدە به سزای خیانەتەکانی خۆی گەیشت.
ئەو بەکرێگیراوەی ڕێژیمی ئێران لە شەڕەکانی پێشوودا دژی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەشداری کردووە و هەروەها فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش بە ناوی شەهید "ڕەسووڵ حاجی عەوڵا" بە دەستی ئەو جاشەی ڕێژیم تێرۆر کراوە.
هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دوای بە سزاگەیاندنی ئەو جاشە شوێنی عەمەلیاتەکەیان بە ساغی و سڵامەتی بەجێهشتووە و درێژەیان بە کار و چالاکییەکانی خۆیان داوە.
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان
٣ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی
٢٠١٨/٦/٢٤ی زایینی