کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

17:55 - 20 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: سەبارەت بە تۆپبارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان، فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ئەم ڕاگەیەندراوە بەم چەشنەیە:

خەڵکی خۆڕاگری کوردستان!

کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو ساڵێک لە وەرزی کار و تێکۆشانی کاسبکاران و وەرزێڕ و مەڕدارانی کوێستانەکانی کوردستاندا، بە بیانووی جۆراوجۆر و یەک لەوان بوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕقی خۆی بەسەر خەڵکدا دەڕێژێت و ناوچەی شوێنی ژیانی خەڵکی ئاسایی دەدەنە بەر تۆپ و ڕاکێتباران. لە ڕێکەوتی ١٩ و ٢٠ی پووشپەڕدا، ناوچەکانی "سیدەکان" و "چۆمانـ"ـی داوەتە بەر  تۆپباران و خەڵکی سڤیلی ناوچەکەی کردووەتە ئامانج و زەرەر و زیانی زۆری بە ژیانی خەڵک گەیاندووە و شەهید و برینداری سڤیلی لێکەوتۆتەوە. پێویستە پێش بە زیادەڕەوییەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەزاندنی سنوور و هێرش بۆ سەر ژیانی خەڵک بگرن.

هێزی پێشمەرگەی کوردستان، پێبەندە بە پاراستنی ژیانی خەڵکی ئاسایی و ئەوە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە دژی ژیانی خەڵکە و ڕقی خۆی بە سەر خەڵکی ئاساییدا دەڕێژێت.

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان

٢٠ی پووشپەڕی ١٣٩٨