کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەیەکی تێرۆریستی سپای پاسداران لە سووریە کوژرا

12:01 - 2 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: لە شەڕ و تێکەڵچوونەکانی سووریەدا، یەکێک لە فەرماندە تێرۆریستەکانی ڕێکخراوی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کوژرا.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، "شاهڕۆخ داییپوور" یەکێک لە فەرماندە تێرۆریستەکانی ڕێکخراوی سپای تێرۆیستیی پاسداران لە شەڕێکدا لە شاری "ئەلبوو کەماڵـ"ـی سووریەدا کوژراوە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕایانگەیاندووە، ناوبراو ئەرکی وەک: "ڕاهێنەریی مووشەکی هەتاوی و دژەهەتاو و هەروەها فەرماندەیی یەگانی دژی زێرهی و کەرەستەی جەنگیی قەرارگای نەجەف، لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق، ڕاهێنەریی دژەزێرهیی حیزبوڵڵا لە ساڵانی ڕابردوودا، ڕاهێنەریی غەواسی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، ڕاوێژکاریی دژەزێرهی و فەرماندەیی لە شەڕەکانی سووریەدا" هەبووه.

شاهڕۆخ داییپوور خەڵکی پارێزگای کرماشان بووە و ناوبراو بەپێی ئاماری ڕێژیم ١٥هەمین کەسە کە لە سووریەدا کوژراوە.

ئەو ١٥ کەسەی کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بڵاوی کردووەتەوە بریتین لە: "مهدی نەورۆزی، سەجاد حەبیبی، موراد عەباسی، سادق یاری، حوسێن عەلیخانی، ئەبووزەر ئەمجەدیان، ڕەزا عەباسی، ستار عەباسی، سەعید قارلەقی، هەمزه کازمی، ئەکبەر نەزەری، ئەکبەر مەلەکشاهی، خەیروڵڵا ئەحمەدی‌فەرد و فەریدوون ئەحمەدی".

لە سەرەتای دەسپێکی شەڕی سووریە لە ساڵی ٢٠١١ی زایینیەوە هەتا ئێستە، سەدان کەس لە ئەندامانی پلەبەرزی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە شەڕ و پێکدادانەکانی سووریەدا کوژراون، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ڕێژیمی ئێران بوونی هێزی نیزامیی خۆی لەو وڵاتەدا ڕەت دەکاتەوە.

کارناسان باس لەوە دەکەن، کە ڕێژیمی ئێران سەرەڕای ئەوەی کە تێچوویەکی زۆری ماڵیی لە سووریەدا بەفێڕۆ داوە و دەیدات، بەڵام بە دەستێوەردانی بەرینی تورکیە و ڕووسیە، ڕۆڵی ئێران لەو وڵاتەدا کەم بووەتەوە، ئەوەش مەترسییەکە لەسەر بەرژەوەندییەکانی تاران و دۆڕانی خامنەیی.