کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەیەکی سپای پاسداران هەڕەشەی لە حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات کرد

13:36 - 26 خەرمانان 2720

لە درێژەی هەڕەشە و گوڕەشەکانی سپای تیرۆریستی پاسداران لە حیزبە کوردییەکان، فەرماندەی سپای "شۆهەدا"ی ورمێ لە سەردانێک بۆ سنووری ئەو پارێزگایە، بۆ جارێکی دیکە هەڕەشەی لە حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات کرد.

ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەرمانان، پاسداری تێرۆریست "حەبیب شەهسەواری" فەرماندەی سپای شوهەدای ورمێ لە سەردانی بۆ سنووری "ئەربیلان" و ناوچە باشوورییەکانی ئەو پارێزگایە، وێڕای هەڕەشە لە حیزبە کوردییەکان وتوویەتی، هەر جۆرە چالاکییەک لەلایەن ئەو حیزبانەوە دژکردەوەی توندی ئێمەی بەدواوە دەبێت.

ناوبراو هەروا سنوورەکانی ئێرانی بە هێمای ئاشتی ناو لێ بردووە، بەڵام ساڵانە سپای پاسداران بە تۆپباران و مووشەکبارانکردنی گوندەکانی سەرسنوور بە بیانووی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتەوە ئارامی و ئاشتیی لەو ناوچەیە بڕیوە و هەتا ئێستا زیانێکی زۆری ماڵی و گیانی بەر ئەو ناوچە سنوورییانە کەوتووە.

سپای تێرۆریستی پاسداران ڕێکەوتی ١٩ی خەرمانان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێرشی تۆپخانەیی ناوچە شاخاوییەکانی نێوان کوردستانی ڕۆژهەڵات و باشووریان کردە ئامانج و ئیدەعایان کردبوو کە بنکەکانی هێزی پێشمەرگەیان لەنێو بردووە و هێزەکانی ڕۆژهەڵاتیان لە سنوورەکان دوور خستووەتەوە.

ڕێکەوتی ٢٠ی خەرمانان، "کاوە بەهرامی" بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەو ئیدەعایەی سپای پاسدارانی بە درۆ خستەوە و ڕایگەیاندبوو: "هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەسەر سنوور باشوور و ڕۆژهەڵات هیچ بنکەیەکی سابتیان نییە و ئەو هێرشە هیچ زەرەر و زیانێکی گیانی و ماڵیی بە هێزی پێشمەرگە نەگەیاندووە".