کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەیەکی سپای پاسدارانی رێژیم لە عێراق کوژرا

22:15 - 9 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: فەرماندەیەکی دیکەی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شەڕ لەگەڵ داعشدا لە شاری رۆمادی کوژرا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٧ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، فەرماندەیەکی نیزامیی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری رۆمادی، ناوەندی پارێزگای ئەنباری عێراق، لەلایەن گرووپی داعشەوە کوژرا.

ماڵپەڕی فەرهەنگ نیووز رایگەیاندووە، یەکێک لە فەرماندەکانی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە ناوی جاسم نووری لە شەڕ لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامیی داعش لە شاری رۆمادی کوژراوە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، جاسم نووری خەڵکی خووزستان و یەکێک لە فەرماندەکانی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان رێژیمی ئێران و عێراق بووە.

نووری سێیەمین فەرماندەی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێرانە کەلە سەرەتای سەرهەڵدانی گرووپی داعش لە عێراقدا دەکوژرێت.

ماویەک لەمەوبەر چەند سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو، بە ئەلعەرەبییە نێتـیان رایانگەیاندبوو کە ژمارەیەک لە هێزەکانی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران کە بۆ شەڕ دژی میلیشاکانی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامیی ناسراو بە داعش رۆیشتوونەتە کوردستانی باشوور، لە ماوەی رۆژانی رابردوودا لە شوێنی نیشتەجێ‌بوویاندا بە هۆی بوردومانی میلیشاکان کوژراون.

ئەو سەرچاوە لەو بارەوە رایگەیاندبوو، ئەو هێزانە لە ئەفسەرانی سپای پاسدارنی پارێزگای ئورمیەن کە بە جلوبەرگی پێشمەرگەوە دەچوونە مەیدانەکانی شەڕ.