کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەیەکی هەنگی سنووریی ڕێژیم کۆڵبەرانی بە سنووربەزێن ناوزەد کرد

13:05 - 18 خەرمانان 2720

فەرماندەی هەنگی سنووریی ڕێژیمی ئێران لە "سەردەشت" وێڕای ناوبردنی کۆڵبەران بە "سنووربەزێن"، وتوویەتی: "بەنیسبەت کۆڵبەرانەوە دژکردەوەی توندمان دەبێت".

پاسداری تێرۆریست "سلێمان بایرامی" فەرماندەی هەنگی سنووریی "سەردەشت" لە دانیشتنێک لەگەڵ کاربەدەستان و باوەڕپێکراوانی ڕێژیم لەو شارەدا وتوویەتی، بەنیسبەت سنووربەزاندنی کۆڵبەرانەوە دژکردەوەی جیددیمان دەبێت.

ئەو پاسدارە تێرۆریستەی ڕێژیم بە شانازییەوە باسی له کوژرانی سێ کۆڵبەر لە سنووری  سەردەشت کردووە و بە بێڕێزییەوە ناویانی بردووە و وتوویەتی: "توانیومانە بە سەرکەوتوویی سێ کۆڵبەر بکوژین".

هەروەها ئەو فەرماندە تێرۆریستە ڕووی لە خەڵکی سەردەشت کردووە و وتوویەتی: "داوا لە خەڵکی سەردەشت دەکەین کە لە کوشتنی کۆڵبەراندا هاوکاریی هێزەکانمان بکەن".

پاسداری تێرۆریست "بایرامی" بۆ خۆڵ لەچاوکردن، خەڵکی کوردستانی بە مایەی شانازی ناو لێ بردووە، بەڵام لە کردەوەدا نەتەنیا لە هیچ بوارێکی ئابووری، پەروەردەیی و خزمەتگوزارییەک خزمەتیان بە کوردستان نەکردووە، بەڵکوو ئەو کۆڵبەرانەی کە لە ئاکامی نەبوونی هەلی کار و هەڵاواردنی ناوەندەوە ناچار بە کۆڵبەری بوونە، کوشتنیان بە شانازی دەزانێت و بە بێڕێزییەوە ناویان دەبات.

لە ڕێکەوتی ١٢ی خەرمانانی ١٣٩٩ی هەتاوی، هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کۆمەڵێک لە کۆڵبەرانیان دایە بەر دەستڕێژی گولـلە و سێ کۆڵبەریان بە ناوەکانی "زانست حەسەن‌ نژاد، سرووش مەکاری و زانکۆ ئەحمەدی" کوشت.