کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەیەکی ئیتلاعاتی سپا بێسەروشوێنە

13:42 - 4 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان یەکێک لە فەرماندەکانی حیفازەتی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئێران هەڵاتووە و کاربەدەستانی ڕێژیمیش بڵاویان کردووەتەوە ئەو هەواڵە دوور لە ڕاستییە.

لە دوای ئەوەیکە فەرماندەی تێرۆریست "عەلی نەسیری" لە پۆستی فەرماندەهیی حیفازەتی سپای پاسدارانەوە لەسەر کارەکەی لابردرا و "فەتحوڵڵا جەمیری" بە جێگای ئەو دەستنیشان کرا، هەواڵێک بڵاو بووە کە نەسیری لە ئێران هەڵاتووە.

لەوبارەیەوە ماڵپەڕی "آفتاب" یەکێک لە ماڵپەرەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بڵاوی کردووەتەوە کە ئەو هەواڵە دەنگۆیە و ڕاست نییە.

هاوکات ماڵپەڕی "سراج ٢٤" لە وتووێژێکدا لە زاری  "عەلی نەسیری" بڵاوی کردووەتەوە کە ئەوە میدیاکانی "ضد انقلاب" ئەو هەواڵەیان بڵاو کردووەتەوە.

لەو وتووێژەدا کە بە فایلی دەنگی بڵاو کراوەتەوە و گۆیا دەنگی عەلی نەسیریە ناوبراودەڵێت: "ئەوە شەیتەنەتکاریی میدیاکانە کە ئەو هەواڵەیان بڵاو کردووەتەوە دەنا من هەرا پاسداری وەفادارم".

ڕۆژنامەی "دنیای اقتصاد" باسی لەوە هەواڵە کردووە و نووسیویەتی: "ئەوە دەنگۆیەکە کە "ضد انقلاب" دروستیان کردووە".

ماڵپەڕی "خرداد" بە همان شێوە باسی لەو هەواڵە کردووە کە ئەوە دوژمنان ئەو دەنگۆیەیان بڵاو کردووەتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی کە ماڵپەڕی "سراج ٢٤" بڵاوی کردووەتەوە، عەلی نەسیری ئەو فەرماندەیەی سپای تێرۆریستی پاسداران لەگەڵ یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی خۆی تووشی شەڕ و دەمەقاڵی بووە و دواتر نەچووەتە سەر کار و ئێرانی بەجێهشتووە و ئێستا لە یەکێک لە وڵاتانی عەرەبی داوای پەنابەریی کردووە.

ڕۆیشتنەدەروەی ئەو فەرماندەیەی سپای تێرۆریستی پاسداران لە ئێران هەتا ئێستا بە فەرمی تەئید نەکراوە بەڵام میدیاکانی ڕێژیمی ئێران لە پەرواێزی هەواڵەکانیاندا باسیان لەو هەواڵە کردووە.