کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

''فەرهاد سلێمان پوور'': بەگشتی دۆخی خراپی ئابووری زەمینەی لەناوبردنی دەسەڵاتێک دەڕەخسێنێ، بەڵام فاکتەری یەکلاکەرەوە نییە

19:41 - 20 پووشپەڕ 2720

وتوووێژ: ڕەحمان سەلیمی

لەماوەی دووحەوتووی ڕابردووە نرخی هەر دۆلارێکی ئامریکا لە بازاڕەکانی ئێران بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. لە ئێستادا هەر دۆلارێکی ئامرێکا  لە بازاڕەکانی ئێران بە ٢٢ هەزار تمەن مامەڵەی پێدەکرێت، نرخێک کە بۆ یەکەم جارە لە میژووی ئێران تۆمار دەکرێت.

دۆخی ئابووریی ئێران ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ خراپتر و دژوارتر دەبێت و گرانیی لەڕادەبەدەر خەڵکی خستووەتە ژێر گوشاری ڕووحی و ڕەوانی، لەلایەک نرخەکان بە شێوەی سەرسووڕهێنەر بەرز دەبێتەوە و لەلایەکی تر داهاتی خەڵک هەروا دادەکشێت.

لەم وتووێژدا، هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، کاریگەرییەکانی لە سەر دۆخی ژیانی خەڵک و سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران،  لەگەڵ بەڕێز ''فەرهاد سلێمان پوور'' کارناسی بواری ئابووری خستووەتە بەرباس کە سەرنجتانی بۆ خوێندنەوەی ڕادەکێشین.

گرینگترین هۆکاری بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی هەڵاوسان لە ئابووریی ئێراندا چییە؟

ئەم چوار ساڵە بەهۆی زیاترکردنی سزاکانی سەر ئابووریی ئێران و ئەو کێشە بنەڕەتییانەی کە لە ئابووریی ئێراندا هەن وەک ئابووریی دەوڵەتی و بەرێوەبردنی لاوازی ئابووریی، کەرتی بەرهەمهێنانی شمەک لاواز بووە. ئەگەر سەیری ڕێژەی گەشەسەندنی ئابووری ئەم چەند سالە بکەن بۆتان دەردەکەوێ کە ڕێژەکە لە خوارەوەی سفر بووە، ئەمەش بە واتای لاوازیی کەرتی بەرهەمهێنان و کەمبوونەوەی بڕی شمەک و خزمەتگوزارییە. لەلایەکی دیکەوە، بڕی نەختینەیی هەتا دێت هەر زۆر دەکرێت، ئەمەش لەبەر ئەویە کە حکوومەت هیچ ڕێگە چارەیەکی بۆ نەماوەتەوە، تەنیا لە رێگەی بانکی ناوەندییەوە بەبێ دەنگی پارە لە چاپ دەدات. واتە لە نێوان شمەک و ڕێژەی زۆربوونی نەختینەییدا هاوسەنگیی نییە. ڕێژەی شمەک کەمە، لەبەرامبەریدا بڕی نەختینەیی زۆرە، ئەمەش واتە خواستی کڕیار لە خستنەڕووی بەرهەمهێن زیاترە، کەواتە نرخ هەر هەڵدەکشێت. بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە ساڵی ١٣٥٧ـەوە بڕی نەختینەیی ساڵانە بە ڕێژەی ٢٦% زۆر بووە و لە ٢٥٠ میلیۆن تمەنەوە بۆ ٢٣٠٠ هەزار میلیارد تمەن لە ساڵی ١٣٩٨ زۆر بووە، بەڵام گەشەی GDP (شمەک و خزمەتگوزاری) لە دورووبەری ڕێژەی ٢% بووە، بەم شێوەیە:

٢٦% زۆربوونی نەختینەیی   ٢% زۆربوونی GDP

واتە لە ماوەی ئەم ٤٠ ساڵەدا بڕی نەختینەیی ٩٢٠٠ قات بەرز بووەتەوە و بەڵام بڕی شمەک و خزمەتگوزاری تەنیا ٥ قات (هێندە). ئەم جیاوازییە هۆکاری بنەڕەتیی هەڵاوسانه (کە نێونجیی زۆربوونی ساڵانەی هەڵاوسان لە ١٣٥٧ـەوە هەتا ئێستا نزیکەی ٢٠%ە). کە نرخ هەڵدەکشێت کاریگەریی نەرێنی لەسەر هەموو گۆڕاوە ئابوورییەکانی تر دادەنیت و یەک لەوان پارەیە کە ئەوەندی تر لاوازی دەکات. هەتا ئەم ڕەوتە بەردەام بێت، نرخی شمەک و خزمەتگوزاریی هەر هەڵدەکشێت. هەر ئەم هەڵاوسانەیە کە بەهای تمەنیش کەم دەکاتەوە و هەردوولا کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە.

هەڵاوسان چ کارییگەرییەکی لەسەر دۆخی ژیانی خەڵک دەبێت؟

بوونی هەڵاوسان ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر لایەنی خۆراکی بە تایبەتی چینی کەم‌داهات و دواتر چینی مامناوەند دادەنێت. بەشی زۆری داهاتی خەڵکی کەم داهات بۆ خۆراک تەرخان دەکرێت، بۆیە بوونی هەڵاوسان فشارێکی زۆر لەسەر ئەم لایەنە گرینگەی ژیانی هاووڵاتیان دادەنێت. واتە هەڵاوسان هێزی کڕینیان کەم دەکاتەوە، بۆ نموونە، پارەکە کیلۆیەک گۆشتی مریشک بە ١٠ هەزار تمەن بوو، ئێستا بە ٢٠ هەزار تمەنە، داهاتی ئەو هەر وەک خۆیەتی، بەڵام نرخی شمەک گران بووە، واتە بە پارەیەکی زیاتر شمەکی کەمتری پێ دەکریت. خەڵک باش ئەمە دەزانێ کە گرانیی هێزی کڕینیانی کەم کردووەتەوە و فشارێکی زۆری خستووەتە سەریان. هەر ئەم هەڵاوسانە هەڵکشێنە ژمارەی چینی نێوەڕاستیشی کەم کردووەتە و کردوونی بە چینی هەژار، ئەو مووچەی وەری دەگرن بڕەکەی ناگۆڕێ، بەڵام نرخ دەگۆریت، واتە بەرەبەرە ژمارەی چینی هەژار هەتا دێت زیاتر دەبێت. لایەنێکی دیکەی هەڵاوسان ئەوەیە کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لە سەر وەبەرهێنان دادەنێت، چونکە تێچوو پێشبینیی ناکرێت و سەر لە وەبەرهێنەر دەشێوێنێت، بۆیە لەم دۆخەدا وەبەرهێنان ناکرێت. ئەمانە کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەڵاوسان بوون. کارێگەریی ناڕاستەوخۆی زۆر هەڵدەگرێت، با لێرە لێی گەڕێین.

گرینگترین هۆکاری دابەزینی نرخی دراوی ئێران لە بەرامبەر دراوەکانی تردا چییە؟

سزای سەر کەرتی نەوت و هەناردەی ئێران وای کردووە کە دۆلار لە بازاڕی ئێراندا کەم بێتەوە و ئیتر وەک ساڵانی پێشوو دەستی کۆماری ئیسلامی ئاوەڵا نییە کە بتوانێ بەهای دراوی تمەن لە ئاستێکی خوارەوە ڕابگرێت. پێشتر بە تایبەتی بەهۆی داهاتی نەوتەوە کە بە دۆلار بوو، دۆلاری دەخستە بازاڕ و هاوسەنگییەکەی پێ ڕادەگرت، بەڵام ئێستا دۆلار کەم بووەتەوە و لە بەرامبەریدا تەمەن زۆر بووە، واتە کەمبوونی خستنەڕووی دۆلار و زۆربوونی خستنەڕووی تمەن، یان بەشێوەیەکی تر زۆربوونی خواست لەسەر دۆلار و کەمبوونەوەی خواست لەسەر تمەن. هەروەها ئەو کۆمپانیانەش کە شمەکی غەیرە نەوتی هەناردە دەکەن، دراوەکەیان کە زیاتر دۆلارە لەبەر دوو هۆکار ناگەڕێننەوە بۆ نێوخۆ، یەکەم بە قازانجیان نییە، دووهەم بەهۆی بەربەستەکانی گواستنەوەیە. خەڵکیش ڕوویان کردووەتە کڕینی دۆلار، چونکە بەهاکەی جێگیرە، واتە خواستی لەسەر دۆلار زیاد کردووە. کەواتە تمەن و دۆلار کەوتونەتە ژێڕ کاریگەریی خواست و خستنەڕووی دراوەوە. دۆلار زۆر کەم بووەتەوە لە بازاڕی ئێراندا و خوست لەسەری زۆر بووە، بە پێچەوانەوە خواست لەسەر تمەن کەمە و خستنەڕووی هەر زۆر دەبێت (کە ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی هەڵاوسان). هەتا ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت، بەهای تمەن هەر کەم دەبێتەوە. 

ئاخۆ ئەم نرخەی ئێستای دۆلار کە بەرابەری ٢٢هەزار تمەنی ئێرانە، ڕاستە یا نە؟

کۆماری ئیسلامی لە بازاڕی نێوخۆی ئێراندا هەموو سەڕاف و دەڵاڵەکانی دراوی خستووەتە ژێڕ کۆنتڕۆڵی خۆی و ویستوویەتی لەم ڕێگەوە دەستکاریی نرخی دراو بکات و کەمێک  ڕایبگرێت، واتە بە زۆر دەیهەوێ نرخەکەی ڕابگرێت، بەڵام خۆ بازاڕی دراویش وەک هەموو شمەکێکی تر ملکەچی خواست و خستنەڕووە، لەوانەیە لە نێوخۆدا هەتا ڕادەیەک نەهێڵێ خێرا بەرز بێتەوە، بەڵام خۆ بازاڕی دەرەوەی پێ کۆنتڕۆڵ ناکرێت، بۆیە ئەم نرخە لەوەی کە هەیە دەبوو زیاتریش بێت، بەگشتی ڕەوتی چەماوەی نرخی تمەن و دراوەکانی تر ڕوو بە سەرەوەیە و  بەرەبەرە هەر هەڵدەکشێت.

بەرپرسانی ئێران چ ڕێگە چارەیەکیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو دۆخە هەیە؟

لەم دۆخەدا کە سزا لە دوای سزا دەخرێتە سەر ئابووریی ئێران و دۆلاری بەردەستیان کەم دەبێتەوە، هیچ ڕێگە چارەیەکیان لەبەردەستدا نییە، تەنیا ئەوە نەبێ کە هەڵاوسان واتە بەرزبوونەوەی نرخ ڕابگرن بۆ ئەوەی بەڕێک بەهای تمەن لە نێوخۆدا بەرز بکاتەوە و متمانە پەیدا بکاتەوە و لەم ڕێگەوە بتوانن هەتا ڕادەیەک نەهێڵن نرخی دراو لەوە زیاتر بەرز بێتەوە، بەڵام ئەمەش زەحمەتە، چونکە بڕی نەختینەیی هەر زۆر دەکرێت.

دۆخی ئابووریی ئێران هەتا چەند کاریگەریی لەسەر زێدەخوازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکەدا دادەنێت؟

ڕاستە کە دۆخی ئابووریی ئێران زۆر خراپە، بەڵام دەستی سپای پاسدارانی کورت نەکردووەتەوە. سپای پاسداران ڕاستەوخۆ هەزاران یەکە و کۆمپانیای ئابووری هەیە و لە پاڵ کاری سیاسی، ئەمنییەتی، عەقیدەتیدا کاری ئابووری و بازرگانیش دەکات. لەسەر چالاکییەکانی سپا هیچ ڕاپۆرتێک بڵاو ناکرێتەوە و بودجەکەشی نهێنیە، هیچ ڕاپۆرتێک بە حکومەت و پارلمانی ئیسلامی نادات و ڕاستەوخۆ لە ژێر کۆنترۆڵی ڕێبەری ئەو ڕێژیمە دایە. هەتا ئیستاش بایی ئەوە پارەی لەبەردەستدا هەیە کە یارمەتی بە تۆڕ و دەستوپێوەندییەکانی لە ناوچەکەدا بدات. کەمبوون و زۆربوونی دەستێوەردانەکانی، بەستراوەتەوە بە ڕادەی ئەو فشارەی کە لە دەرەوە لەسەری هەیە، بۆ نموونە، لە کوژرانی قاسم سلێمانییەوە خۆی لە ئامریکا دەبوێری و ئێستاش کە ئیسرائیل و دیارە لە چەند شوێنێکی داوە لەوانەیە بۆ ماوەیک لە بەرامبەریدا پاشەکشە بکات، واتە خۆی مات دەکات و لە دەرفەت دەگەڕی. ئەوە ڕادەی فشاری دەرەکییە کە بۆی دیاریی دەکات زێدەخوازییەکانی هەتا کوێ بن، نەک پارە، چونکە هێشتا پارەی هەیە.

دەکرێ بڵێین ئابووریی ئێران بە تەواوی داڕماوە، ئەمە هەتا چەند کاریگەریی لەسەر نەمانی کۆماری ئیسلامی دەبێت؟

ئابووریی ئێران چووەتە نێو قۆناخی چەقینی قووڵەوە (Depression)، کە ئەم قۆناغە واتە بوونی ڕێژەیەکی زۆری بێکاریی، هەژاری و مایەپووچبوونی کۆمپانیاکان. ڕاست ئەمە دۆخی گشتی ئابووریی ئێرانە بەڵام ئەمە ناوەندی ئێرانی نەگرتووەتەوە، چونکە ناوەند شوێنێ کەڵەکەبووونی سەرمایەیە و هێشتا پاشکەوتی خەڵکیش هەیە کە وایکردووە ناڕەزایەتی جیددی لەو شوێنە هەموو چین و توێژێک نەگرێتەوە. لەلایەکی دیکەوە سپای پاسداران لە کۆنترۆڵکردنی و سەرکوتکردنی خەڵکدا شارەزاییەکی زۆری هەیە، لەوانەیە ئەگەر وڵات تووشی قات و قڕیش بێت، دیسان بتوانێ خەڵک کۆنترۆڵ بکات و دۆخەکە لە قازانجی خۆی ڕابگرێت، وەک چۆن لە کۆریای باکوور سەرەڕای ئەوە کە ساڵانێکی زۆرە قاتوقڕی هەیە کەچی ڕێژیمی سیاسی و سەربازییەکەی بەهێزە و خەڵکی ملکەچ کردووە. بەگشتی دۆخی خراپی ئابووری زەمینەی لەناوبردنی دەسەڵاتێک دەڕەخسێنێ، بەڵام هەموو شتێک نییە، واتە فاکتەری یەکلاکەرەوە نییە. دۆخی ئێستای ئێران پێویستی بە ڕێکخستن و کەناڵیزەکردن و ڕێبەرایەتیکردنی هەیە، خەڵک ناڕازییە، بەڵام بۆ خۆی نازانێ چی بکات، پێوسیتی بە لایەنێک یان بەرەیەک هەیە کە کەناڵیزەی بکات. واتە پێویستی بە ئۆپۆزیسیۆنێکی کاریگەر هەیە. هیچکات بەقەد ئێستا زەمینەی لەناوبردنی کۆماری ئیسلامی لەبار نەبووە.