کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەڕانسە سیخوڕێکی ڕێژیمی ئێران ڕادەستی ئامریکا دەکات

12:01 - 12 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: دەزگای دادوەریی فەڕانسە، داواکاریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکای بۆ ڕادەستکردنەوەی سیخوڕێکی ڕێژیمی ئێرانی قەبووڵ کرد.

سیخوڕێکی ڕێژیمی ئێران، بە ناوی "جەلال ڕۆحوڵڵانژاد" ٤۱ ساڵ، لە لایەن ڕێژیمی ئێران و لە ڕێگای مسکۆ، پێتەختی وڵاتی ڕووسیەوە بۆ کاری سیخوڕی بەرەو فەڕانسە و وڵاتانی ئورووپایی نێردرا، کە دەزگا هەواڵگریەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە ماوەیەکی کەمدا بەکاری ئەو سیخوڕەیان زانی و لەسەر داوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی فەڕانسەوە، لە شاری "نیسـ"ـی وڵاتی فەڕانسە دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا.

بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، پاش دەسبەسەرکردنی ئەو سیخوڕە، چەندین جار داوای ڕادەستکردنەوەیان لە کاربەدەستانی فەڕانسە کرد، کە لە ئاکامدا دەزگای دادوەریی فەڕانسە، ڕۆژی سێشەممە ۱۰ی بانەمەڕ، داواکارییەکەی بەرپرسانی ئامریکای قەبووڵ کرد و بڕیاری ڕادەستکردنەوەی ئەو سیخوڕەی ڕێژیمی ئێرانی بە ئامریکا پەسەند کرد.

ئەو سیخوڕەی ڕێژیمی ئێران، لە ساڵی ۲۰۱۶ تاکوو ساڵی ۲۰۱۸ی زایینی، بە تاوانی سیخوڕیکردن و لێکۆڵینەوە لە مایکروویووی پیشەسازی و سیستمەکانی دژەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان (سامانە ضد پهپاد)، بۆ ڕێژیمی ئێران و هەروەها دەورلێدانی گەمارۆوەکانی ئامریکا لەسەر ڕێژیم، لە ۱۳ی ڕێبەندانی ۱۳۹۶ی هەتاوی، دەسبەسەر کرا.

بەرپرسانی ئامریکا، لەسەر پێسپێردراوی ئەو سیخوڕەی ڕێژیمی ئێران، ڕایانگەیاندووە: ناوبراو دەیتوانی سیستمەکانی دژەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ چەکگەلێکی وێرانکەری ئامانجدار و زۆر مەترسیدار بگۆڕێت، ئەو سیخوڕەی ڕێژیمی ئێران ویستوویەتی ئەو کەرەستانە ڕەوانەی کۆمپانیایەکی سپای تێرۆریستی پاسداران، بە ناوی "ریان رشد افزار"، بکاتەوە. بەڵام لە ئەگەری سەلماندنی ئەو تاوانانەی ناوبراو، بە ٦٠ ساڵ بەندکردن سزا دەدرێت.

پارێزەرانی ئەو سیخوڕەی ڕێژیمی ئێران، ئەو داواکارییەی بەرپرسانی ئامریکا و ڕادەستکردنی بە مامەڵەیەکی سیاسی دەزانن و سیخوڕەکەش وێڕای ڕەتکردنەوەی تاوانەکانی خۆی، وتوویەتی: "من خەریکی لێکۆڵینەوەیەکی زانستی بۆ ڕێکخراوی هەوافەزای ئێران بووم".

دەزگا هەواڵگریەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لەسەر ئەو بەناو لێکۆڵەرە ڕایگەیاندووە، لێکۆڵینەوانەکانی ئەو سیخوڕەی ڕێژیمی ئێران لەسەر شێوازی پەرەپێدانی مووشەکی بالستیکی بووە.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، زیاتر لە دەیان سیخوڕ و تێرۆریستی سەربە سپای تێرۆریستی پاسداران و تیمەکانی تێرۆری وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی ئورووپایی دەسبەسەر و سزا دراون، کە تاکوو ئێستا ڕێژیمی ئێران دانی بە هیچکام لەوانەدا نەناوە.