کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەڕانسە هەڕەشەی لە گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان کرد

12:34 - 30 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: فەڕانسە هۆشداری بە حیزبوڵڵای لوبنان دا، کە لە ئەگەری شەڕی ڕێژیمی ئێران و ئامریکا، خۆی لەو شەڕە بەدوور بگرێت.

ڕۆژی شەممە، ٢٨ی بانەمەڕ، باڵوێزی فەڕانسە لە لوبناندا، هۆشداری بە حیزبوڵڵا دا، کە لە ئەگەری شەڕی نێوان ئێران و ئامریکادا، ئەم گرووپە تێرۆریستییە، بەشداری نەکات.

ناوبراو ڕایگەیاند: "حیزبوڵڵا لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا پەیوەندیی هەیە و ئەم گرووپە تێرۆریستییە دەزانێت، کە ئەم دۆخە چەندە مەترسیدارە. بەم هۆکارەوە خوازیارین ئەم گرووپە تێرۆریستییە ئاگادار بێت و لوبنان نەخاتە نێو مەترسی و کێشەوە".

باڵوێزی فەڕانسە لە لوبناندا هەروەها داوای لە ڕێژیمی ئێران کرد کە لە بەرجام نەیەتە دەرەوە.

ئەم هۆشدارەی فەڕانسە لە کاتێکدایە، کە حیزبوڵڵای لوبنان لە گرووپە تێرۆریستییە سەرەکییەکانی ڕێژیمی ئێرانە و لە سوورییەدا هاوشانی سپای تێرۆریستی پاسداران شەڕ دەکەن. هەروەها پێکەوە بوونەتە ئامانجی هێرشەکانی ئیسرائیل.