کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەیسبووک زیاتر لە ١٠٠ هەژماری گرێدراو بە ئێران، ڕووسیە و تایلەندی سڕییەوە

11:14 - 14 رەشەمه 2720

کۆمپانیای فەیسبووک زیاتر لە ١٠٠ گرووپ و هەژماری گرێدراو بە ئێران، ڕووسیە، مەراکش و تایلەندی بەهۆی "کرداری هەڵخەڵەتێنەرانە" و "ڕێکخراودراو" سڕییەوە.

کۆمپانیای فەیسبووک ڕێکەوتی ١٣ی ڕەشەمە، باسی لە سڕینەوەی زیاتر لە ١٠٠ هەژمار و گرووپی ساختەی گرێدراو بەو چوار وڵاتەی سڕیوەتەوە کە بە شێوەیەکی ڕێکخراودراو خەریکی هەڵخەڵەتاندنی خەڵک بوونە.

فەیسبووک پێشتریش لە نێوەڕاستەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا ڕایگەیاندبوو کە ژمارەیەک لە هەژمارە ساختەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران کە دژ بە ئیسرائیل چالاکییان دەکرد لەلایەن ئەو کۆمپانیایە داخراون.

بەپێی وتەی بەرپرسانی فەیسبووک ئەو تۆڕە ئیتلاعاتییە گرێدراوە بە ڕێژیمی ئێران بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک دژ بە "بنیامین ناتنیاهۆ"سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دانرابووە.

لە نوێترین هەوڵی فەیسبووکدا هەروەها ١٨٥ گرووپ و هەژماری گرێدراو بە هێزە نیزامییەکانی تایلەند سڕدراونەتەوە.

تۆڕی ئیتلاعاتیی گرێدراو بە نیزامییەکانی تایلەند پێک هاتبوو لە ٧٧ هەژماری بەکاربەری، ٧٢ لاپەڕە و ١٨ گرووپی چالاک لە فەیسبووک و هەروەها ١٨ هەژماری بەکاربەری لە ئینستاگرام.

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووک، تویتێر و ئینستاگرام و هتد ماوە بە ماوە ژمارەیەک لە هەژمارە ساختەکان و ئەو هەژمارانەی کە یاساکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێشێل دەکەن دادەخەن و ڕێژیمی ئێران لە زۆربەی ئەو پاڵاوتەکردنانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بوونی هەیە.