کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەیسبووک سەدان ئێکاونتی ساختەی ڕێژیمی سڕییەوە

13:53 - 17 بانەمەڕ 2720

تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ڕایگەیاندووە کە سەدان ئێکاونتی ساختەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی سڕیوەتەوە.

''ناتانیل گلیچێر''، بەڕێوەبەری بەشی ئەمنییەتی سایبێریی فەیسبووک ڕایگەیاندووە، تۆڕی ڕادیۆیی و تێلێڤیزیۆنیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەگەڵ ئەو ئێکاونتانەی کە پێشتر زانیاریی هەڵەیان بڵاو کردووەتەوە و سڕیومانەتەوە، پەیوەندیی بنەڕەتییان بووە.

فەیسبووک هۆکاری سڕینەوەی ئەو ئێکاوتانەی بۆ بڵاوکردنەوەی ''زانیاریی هەڵە و ناڕاست'' گەڕاندووەتەوە.

هەروەها فەیسبووک لە ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا، بەنیسبەت ئێکاونتە گومانلێکراو و باوەڕپێنەکراوەکان کە بە شێوەی سیستماتیک دەنگدانی هەر یەک لە وڵاتانی ئامریکا و بریتانیایان کردووەتە ئامانج، سڕیوەتەوە.

ئەو ئێکاونتانەی کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بەڕێوە دەچن، بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە و ساختە، بە تەمای ساز کردنی دووبەرەکی و ناکۆکینانەوە بوونە لە سیستمی هەڵبژاردنی ئامریکا و بریتانیادا.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ''ڕۆیتێرز'' وتوویەتی کە دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کە ''عەلی خامنەیی'' بە سەرۆکی دێتە ئەژمار، تا ئێستا هیچ دژکردەوەیەکی فەرمیی نیشان نەداوە.