کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەیسبووک لاپەڕەی عەرەبیی خامنەیی داخست

10:50 - 16 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک لاپەڕەی عەرەبیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێرانی بەهۆی پێشێلکردنی یاساکانی فەیسبووک داخست. لاپەڕەی عەرەبیی "عەلی خامنەیی" نزیکەی ١٠٠ هەزار فاڵۆوێری هەبووە.

دوابەدوای هاتنەئارای داواکاریگەلێکی زۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لە لایەن خەڵکەوە، بۆ داخستنی ئەکاونتی ڕێبەران و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان بە ڕووی خەڵکدا داخستبوو، ڕۆژی هەینی، ١٥ی سەرماوەز، تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک لاپەڕەی عەرەبیی خامنەیی داخست.

ڕێبەر و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە حاڵێکدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان لە خەڵکی ئێران دادەخست کە خۆیان لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە خەریکی بڵاوکردنەوەی سیاسەتەکانی تاران بوون.

لە ماوەی ڕابردوودا، تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام، لاپەڕەی "قاسم سلێمانی"، فەرماندەی هێزی سپای قودس و لاپەڕەی کچەکەی و هەروەها لاپەڕەی کۆمەڵێک لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانی داخست.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا کۆمەڵێک لە ئەکاونتی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە لایەن تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک تویتێر، ئینستاگرام و فەیسبووکەوە داخران و هەروەها ئەگەری داخستنی بەشێکی دیکە لەو ئەکاونتانە لە ئارادایە.