کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەیسبووک ٧٨٣ لاپەڕەی پێوەندیدار بە ڕێژیمی ئێرانی داخستووە

12:20 - 12 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، ٧٨٣ لاپەڕەی فەیسبووکی پێوەندیدار بە ڕێژیمی ئێرانی داخستووە و ڕێگا بە چالاکییەکانیان نادات.

بەرپرسانی ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە، ڕۆژی پێنجشەممە، ڕایانگەیاندووە، سەدان حەسیب و لاپەڕەی فەیسبووکیان لە پێوەندی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران داخستووە، کە لە ٢٠ وڵاتی جیهاندا بە شێوەی بەرنامەداڕێژرا و پێوەندیدار چالاکییان هەبووە.

بەپێی هەواڵدەریی فەڕانسە، فەیسبووک کە گەورەترین تۆڕی کۆمەڵایەتیی جیهانە، ٧٨٣ لاپەڕە، گرووپ و حەسێبی کاربەریی ئێرانی، بە هۆی "هەڵسوکەوتی گوماناوی و هاوئاهەنگیکراوی" داخستووە.

ناتیل گولیچێر، بەرپرسی بەشی ئەمنییەتی سایبێریی فەیسبووک، وتوویەتی: ئەم لاپەڕانە لە فەیسبووک و ئاینستاگرام بە شێوەی پێوەندیدار لە وڵاتە جۆراوجۆرەکاندا وەکوو هاووڵاتیی ئەم وڵاتانە، بانگەشەیان بۆ ڕوانگە و بەرژوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران کردووە.

ناتانیل گولیچێر، ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بەردەوام بۆ ناسینەوە و ڕاگرتنی ئەم جۆرە چالاکییانە هەوڵ دەدەن و ڕێگا نادەن لەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە بۆ چەواشەکردن و بەلاڕێبردنی خەڵک کەڵک وەر بگیردرێت.

ئەم دژکردەوەی فەیسبووک لە بەرانبەر لاپەڕەی ساختەییەکانی ڕێژیم یەکەمجار نییە، پێشتریش لە گەلاوێژی ئەمساڵدا، فەیسبووک ٦٥٢ لاپەڕە و حەسێبی پێوەندیدار بە ڕێژیمی ئێران و ڕووسیەی ڕەش کردووەتەوە.

هەموو ئامراز و پێشکەوتنە تێکنۆلۆژییەکانی ئێستە بە مەبەستی ئاسانکاری و خزمەتی زیاتر بە مرۆڤایەتییە، بەڵام لە سیستمگەلێکی دواکەوتوو وەکوو کۆماری ئیسلامیی ئێران، تەنیا بۆ ئاژاوەنانەوە کەڵکیان لێ وەر دەگیردرێت.