کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەیسبووک چەندین ئاکاونتی ساختەی ڕێژیمی ئێران دژ بە ئیسرائیلی داخست

12:37 - 17 خەزەڵوەر 2720

کۆمپانیای فەیسبووک چەندین ئاکاونتی ساختەی بەرنامە بۆ داڕێژراوی ڕێژیمی ئێرانی کە بۆ پشتیوانی و هاندانی خۆپیشاندانی خەڵک دژ بە "بێنیامین نێتانیاهوو" سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و هەروەها عێراق دانرابوو، داخست.

ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە لە ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا کە ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی خەزەڵوەر بڵاوی کردبووەوە، ڕایگەیاندووە، لە یەکێک لە حاڵەتەکاندا، ١٢ ئاکاونت و ٢ لاپەڕە و ٣٠٧ ئاکاونتی ئینستاگرام بابەتگەلێکیان بە زمانی عبری و عەرەبی بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکان لە عێراق و ئیسرائیل بڵاو کردووەتەوە.

ئەو ڕاپۆرتە هەروەها دەریخستووە کە بەکارهێنەرانی ئەو ئاکاونتە ساختەگەلە هەوڵیان داوە کە شوناسی خۆیان بە شاراوەیی بهێڵنەوە، بەڵام کۆمپانیای فەیسبووک توانیویەتی پەیوەندییان لەگەڵ شێرکەتێکی تێکنۆلۆژیای زانیاری لە تاران دەستنیشان بکات.

فەیسبووک هەروەها ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە ئەو تۆڕەی ئاکاونتی ساختە نزیکەی ١٠ هەزار فاڵۆوێری بووە و لە قۆناخی سەرەتایی کۆکردنەوە و ڕاکێشانی بەردەنگدا بووە.

لەم دواییانەدا "بزووتنەوەی ئاڵای ڕەش"، گرووپێک کە خۆیان لایەنگری دێموکراسی لە ئیسرائیلدا لەقەڵەم دەدەن، خوازیاری خۆپیشاندانی خەڵک دژ بە نێتانیاهوو لە ڕۆژی شەممە ١٧ی خەزەڵوەردا بوونە.

فەیسبووک، تویتێر و بەشێکی دیکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تا ئێستا ڕاپۆرتگەلێکی زۆریان لە داخستنی ئاکاونتی ساختە و بەرنامە بۆ داڕێژراوەکانی ڕێژیمی ئێران دژ بە وڵاتان لەوانە ئیسرائیل بڵاو کردووەتەوە.

هەروەها تا ئێستا چەندین ڕاپۆرت سەبارەت بە هێرشی سایبێری لەنێوان ئێران و ئیسرائیل بڵاو کراوەتەوە.