کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قارەمانە وەرزشییەکان ئێران بەجێ دەهێڵن

11:14 - 19 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: هەڵاواردنی ڕەگەزی و کەڵئاژۆی بەرپرسانی بوارە وەرزشییەکانی ئێران لەو ژنە وەرزشوانانەی کە بە مسۆگەرکردنی میداڵی جۆراوجۆر وەرزشی ئێرانیان بە ئاستێکی باش گەیاندووە، بووەتە هۆی ئەوەی کە قارەمانە وەرزشییەکان ئێران بەجێ بهێڵن.

"کیمیا عەلیزادە"، وەرزشوانی ٢١ ساڵەی بواری تێکواندۆ، ماوەی مانگێکە کە ئێرانی بەجێ هێشتووە و لەمەوبەدوا بۆ یانەی میللیی ئێران یاری ناکات.

"عەلیزادە" تەنیا کچی وەرزشوانی ئێرانییە کە لە مێژووی یارییەکانی ئۆلەمپیکدا توانیویەتی میداڵ بەدەست بێنێت.

فێدراسیۆنی تێکواندۆی ئێران نەبوونی "کیمیا" لە یارییەکانی هەڵبژاردەی بۆ باش نەبوونی دۆخی جەستەیی ئەم وەرزشوانە گەڕاندووەتەوە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە وێنەی ئەم وەرزشوانە بەبێ حیجابی ئیسلامی لە ڕاهێنانەکانی وڵاتی هۆلەنددا بڵاو بووەتەوە.

"کیمیا عەلیزادە" بڕیارە لە یارییەکانی ئۆلەمپیکی تۆکیۆدا، لە دەرەوەی ئاڵای ڕێژیمی ئێراندا کێبڕکێ بکات و دەیەوێت بە دوور لە هەڵاواردنەکانی ئێران بەدواداچوون بۆ قۆناغی قارەمانیی خۆی لە بواری وەرزشیدا بکات.

گرینگینەدانی ڕێژیمی ئێران بە بواری وەرزشی و هەڵاواردن لە بواری جلوبەرگ، ڕێژەی پارەی قەراردادە وەرزشییەکان، نەبوونی سپۆنسەر بۆ تێچووی یانە وەرزشییەکان لە هۆکارگەلی دوورکەوتنەوەی ژنان و کچانی ئێران لە وەرزشە.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا یانەی هەندباڵی کچانی سنە کە لە یەکەمین یانەکانی لیگی بەرتەری ئێران بوو، بەهۆی کەمتەرخەمیی ڕاهێنەری سەرەکیی یانەکە و گرینگینەدانی بەرپرسانی وەرزشیی پارێزگای سنە، پاش ١٦ ساڵ هەوڵ و ماندووبوونی یاریزانەکانی، هەڵوەشایەوە.